بڕیاردرا شارەوانییەکان بەزووترین کات زەوی بۆ دابەشکردن بەسەر هاوڵاتیاندا دابین بکەن

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانییەکان و بەرپرسانی وەزارەت سازدەکرێت و لەو کۆبوونەوەیەدا داوا دەکرێت هەرچی زووە شارەوانییەکان زەوی دابینبکات تا بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبکرێت.

بەپێی راگەیاندنی وەزارەت ئەمڕۆ سێشەممە، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەوەیەكی فراوانی تایبەت بە دابەشكردنی زەوی بەڕێوەچوو و ئامادەكارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێكرد.

كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی یاسا و نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆكی شارەوانییەكان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان بەڕێوەچوو.

بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتی شارەوانی، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە "دابەشكردنی زەی، وێڕای ئەوەی سوودی زۆری بۆ فەرمانبەران دەبێت، هاوكات كاریگەریی زۆری لەسەر ئابووری و جووڵەی بازاڕ و گەشەپێدانی سنووری شارەوانییەكانیش دەبێت."

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەبووانی كۆبوونەكەی ڕاسپارد كە بەزووترین كات دەست بە ئامادەكارییەكانی دابینكردنی زەوی بكەن و لە كاتێكی دیاریكراودا ڕێكارەكان تەواو بكرێت بۆ ئەوەی ئەوانەی لە بڕیارەكەی حكوومەت سوودمەند دەبن ببنە خاوەن زەوی خۆیان. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە پێویستە ژمارەی مەزەندەكراوی فەرمانبەران بزاندرێت و لەسەر ئەو بنەمایە زەوی دیاری بكرێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە نەخشەی كەرتیی زەوییەكان، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، هەر لە ئێستاوە دەبێت ڕەچاوی ماستەرپلانەكان بكرێت و لە نەخشەی كەرتی ئەو زەوییانەی دابەش دەكرێن، دەبێت پانی شەقامەكان و ناوچەی سەوزایی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان و لایەنی شارسازی بایەخی تەواویان پێ بدرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد لە سنووری هەر ماستەرپلانێكدا ئەگەر زەوی بەردەست نەبوو دەبێت سنووری شارەوانییەكان فراوان بكرێن و زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بكرێت.

هەفتەی رابردوو حکومەتی هەرێمی ماوە بەسەرچوو لە کۆبوونەوەیەکی خۆیدا بڕیاری دەستکردن بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمدا دەکرد، ئەوانەی زەویان وەرنەگرتووە.



PM:04:56:02/04/2024