پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت" لە ڕێی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکەوە مەترسی لافاویان لەسەر شارەکە کەم کردووەتەوە.
ئەمشەو ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند" بە هۆی کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بارانی بەهارەوە، ناتوانرێت بە وردی پێشبینی بڕی باران بکرێت و بە پێی پێشبینی کەشوهەوا نەدەبوو ئەو بارانە ببارییایە کە (ئەمشەو) باری".
ئەوەشیخستەڕوو کە دوێنێش شەویش پێشبینی بارینی ١٠-١٢ملیم دەکرا، بەڵام ٣٧.٥ ملیم باران باری.
پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند" ئەو پرۆژانەی وەک دروستکردنی ئاوەڕۆ و پۆندەکان و کردنەوەی ڕێڕەوە سروشتییەکان ئەنجام دراون، کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی مەترسی لافاو لەسەر هەولێر هەبووە".
ئومێد خۆشناو دەڵێت" ڕۆژی ١٧/١٢/٢٠٢١ بە دوو کاتژمێر و ١٠ خولەک، ١٧ملیم باران باری و ١٠ کەس گیانیان لەدەستدا، بەڵام دوێنێ شەو ٣٧.٥ ملیم باری و هیچ ڕووداوێکی نەخوازراوی لێ نەکەوتەوە".
ئاماژەشیدا بەوەی هێشتا پێنج شوێن لە هەولێردا ماون وەک خاڵی لاوازی بۆ دروستبوونی لافاو دەستنیشانکراون، لە کاتی بوونی بودجەی پێویست ئەوەش چارەسەر دەکەن.