پەروەردە لە ساڵیادی ئەنفالدا ناوەندەکانی خوێندن ئاگاداردەکاتەوە

وەزارەتی پەروەردە گشت ناوەندەکانی خوێندنی (حکومی و ناحکومی) لە ساڵیادی ئەنفالدا ئاگاداردەکاتەوە، کە پێش دەستپێکردنی وانەی یەکەم چەند ساتێک بە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی قوربانیانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال بوەستن.

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی پەروەردە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە"ڕۆژی یەکشەممە رێکەوتی ۱٤ی نیسانی۲۰۲٤ ، لەوەبیرهێنانەوەی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان لە پرۆسەی ئەنفالدا، ناوەندەکانی خوێندن بەر لە دەستپێکی وانەی یەکەم چەند ساتێک بە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی قوربانیانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال دەوەستن پاشتر باسی ئەم تاوانە بۆ قوتابیان و خوێندکاران دەکرێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی ١٤ی نیسان ٣٦ ساڵ بەسەر کارەساتی جینۆسایدی گەلی کورد تێدەپەڕێت کە ناسراوە بە "کارەساتی ئەنفال"، کە ١٨٢ هەزار کەس بە ژن، منداڵ، گەنج و بەتەمەنەوە بێسەروشێن کران و دواتر لە ناو گۆڕی بەکۆمەڵدا لە بیابانی نوگرەسەلماندا دۆزرانەوە.

نزیکەی ٥ هەزار گوندیش خاپوورکران، هێشتا ژمارەیەکی زۆر کەمی ڕووفاتی ئەنفالکراوەکان گەڕێندراونەتەوە زۆربەی ڕووفاتەکان هێشتا لەگۆڕە بەکۆمەڵەکانی باشووری عێراقدان.


PM:12:48:13/04/2024