"ڕێگە نەدراوە دوو وەزیری کابینەکەی سودانی بچنە ئەمەریکا"

لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی ناسراودا ئاماژە بەوە دەکرێت کە ئەمەریکا ڕەتی کردووەتەوە هەریەک لە ئەحمەد ئەسەدی و نەعیم عەبودی کە هاوڕێی سودانی بوون لە گەشتەکەیدا بچنە ئەو وڵاتە. 

هەژماری (وەزیری عێراقی) کە پێگەیەکی پڕ خوێنەرە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، بڵاویکردەوە" ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کاروکاروباری کۆمەلایەتی بەو پێییەی خاوەنی میلیشاکانی جوندی ئیمام خومەینیە، هەروەها نەعیم عەبودی کە سەر بە میلیشاکانی عەسائیبی ئەهلی حەقە و هەردووکیان تۆمەتبار دەکرێن سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن و چوونە ناو ئەمریکایان لێ قەدەغە کرا". 

تائێستا میدیای فەرمی حکومەتی عێراق و وتەبێژەکانی هیچ زانیارییەکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە. 

ماوەی چەند ڕۆژێکە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە یاوەری شاندێکی باڵا کە زیاتر لە (١٣٠) کەسن چوونەتە ئەمریکا و دوێنێ لەگەڵ جۆبایدنی سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە. 


PM:12:52:16/04/2024