رۆژنامەی گاردیەن: ئەو دوو مەترسییەی هەڕەشە لەجیهان دەكەن


رۆژنامەی گاردیەن لە راپۆرتێكدا "داعش"‌و "ئیبۆلا" وەك دوو مەترسی ناولێدەبات كە هەڕەشە لەجیهان دەكەن‌و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە وڵاتانی جیهان لەبەرەوڕبوونەوە لەگەڵ ئەم دوو مەترسیە، سەركەوتوو نەبوون.

ئەم رۆژنامە بەریتانیە دەنوسێت: ئەمرۆكە جیهان لە داعش‌و ڤایرۆسی ئیبۆلا وەك دوو مەترسی دەڕوانێت كە هەڕەشە لەهەمووان دەكات.
بەپێی ئەو راپۆرتە، كاتێك داعش عێراقییەكان دەكوژێت جیهان هەست بە مەترسی ئەم گروپە تیرۆریستیە ناكات، بەڵام كاتێك ئەم گروپە كەسانێك سەردەبڕێت كە ناوی رۆژئاواییان هەیە وەك "جەیمز"‌و "ستیڤ"، بۆ شەڕ لەگەڵ ئەم گروپە هاتنە مەیدانەوە.

ئەم بابەتە سەبارەت بە ڤایرۆسی ئیبۆلاش راستە، تا كاتێك ئیبۆلا رەش پێستانی دەكردە قوربانی، بابەتێكی تایبەت بە ئەفریقا بوو، بەڵام كاتێك ئیبۆلا گەیشتە دالاس‌و مەدرید، وەك مەترسییەكی جیهانی ناوی لێبرا.

گاردیەن جەخت دەكاتەوە كە مەترسی دوانەی داعش‌و ئیبۆلا، لاوازیی جیهان لەبەرەوڕوبوون لەگەڵ قەیرانەكان دەسەلمێنێت.



PM:09:44:18/10/2014