نوسینگەی عەبادی لەسەر ئەو فرۆکەیەی چەکە یاساغەکەی پێبوو هاتە دەنگ

وتەبێژی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر ئەو فرۆکەیەی چەکە یاساغەکەی پێبوو کە بوار نەدرا لە فرۆکەخانەی سلێمانی بنیشێتەوە وتی" لێکۆڵینەوە بەردەوامە لەو چەکە قاچاخە لە فرۆکەخانەی بەغدا دەستی بەسەردا گیراو فرۆکەکە تەنها بۆ بەنزین وەرگرتن لەفرۆکەخانەی بەغدا نیشتۆتەوە".

سەعد حەدیسی وتەبێژی نوسینگەی عەبادی وتی" ئەو زانیاریانەی لەسەر فرۆکەکە هەیە کەمەو ناتوانرێت جارێک کەسی پێ تاوانباربکرێت، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە رادەگەیەنین".
 
هەرەوەها وتیشی " هاتنی فرۆکەکە تەنها بۆ بەنزین وەرگرتن بووەو هیچ هەماهەنگییەک نییە لەنێوان بەغدا و کۆمپانای خاوەنی فرۆکەکەداو ئێستا فرۆکەکە دەستبەسەر کراوەو لێكۆڵینەوەیەکی فراوان بەڕێوەدەچێت".

حەدیسی کە بە تەلەفزیۆنی سۆمەریەی راگەیاندووە " حکومەتی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستان رایانگەیاندووە هیچ پەیوەندییەکیان بەو کێشیەوە نییە".

کۆتایی هەفتەی رابردوو هەوالێ ئەوە بڵاوکرایەوە فرۆکەیەک کە ٤٠ تەن چەکی پێ بووە ویستوویەتی لە فرۆکەخانەی سلێمانی بنیشێتەوە، بەڵام بەهەڵە نەهڵێراوە بنیشێتەوەو دواتر لە فرۆکەخانەی بەغدا نیشتۆتەوە کە ئەم کێشەیەش بوو بە دۆسیەیەکی گەورەی میدیای کە ئەم چەکە بٶ چ لایەنێک هاتووە، بەتایبەتی کە پێشتر چەند حاڵەتیكی وا هەبووە. 



AM:11:43:12/11/2014