ڤیدیۆ.." لەجەلەولا تاڵانی لەماڵی هاوڵاتیان دەکرێت"

لەلایەن میلیشاکانی شیعەو هەندێک کەسی کوردەوە کە لەرێکخستنەکانی حیزبە کوردیەکان کاردەکەن، لەماڵ‌و موڵکی گشتی هاوڵاتیان لەشاری جەلەولا دزی و تاڵانی دەکرێت.

چەندین سەرچاوە بە سپی میدیایان راگەیاند کە ژمارەیەکی بەرچاو ماڵی هاوڵاتیان و دوکان و بازاڕەکانیان لەشاری جەلەولا تاڵان دەکرێت، لایەنی ئەمنیش کە بەدەست پێشمەرگەوەیە هیچ رێگرییەک ناکات بۆ بەرگرتن لەم تاڵانیە و تا ئێستا یەک کەسیشان دەستگیرنەکردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە سەرەتا میلیشیا شیعەکان دەستیان بەتاڵانی کردو دواتریش خەڵکانێک بەناوی رێکخستنەوە دەچنە ناو شارەکەو ماڵ و موڵک و دوکانی هاوڵاتیان تاڵان دەکەن.

ئەو سەرچاوانەی سپی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە هەموو ئەم رەفتارە ناشیرینانە بەبەرچاوی هێزی پێشمەرگەوە ئەنجام دەدرێت.

لەلایەکی ترەوە، ماڵپەڕی سبەی نزیک بزووتنەوەی گۆڕان لەمیانەی هەواڵێکیدا بڵاویکردۆتەوە " سەعات 10ی‌ شه‌وی ٢٧ تشرینی دووەم ژماره‌یه‌ك چه‌كدار ویستویانه‌ پێنج تڕێله‌ی‌ پڕ له‌ كه‌لوپه‌لی‌ كاره‌بایی له‌ جه‌له‌ولاوه‌ بهێننه‌ ناو كه‌لاره‌وه‌، به‌ڵام له‌ بازگه‌ی‌ باوه‌ مه‌حمود له‌ خانه‌قین رێیان لێگیراوه"‌.

ماڵپەرەکە دەڵێت" ئه‌و چه‌كدارانه‌ بۆ ده‌ربازكردنی باره‌كان نوسراوی‌ به‌رپرسێكی سه‌ربازی باڵایان پێبوه"‌.
چالاکوانی خەڵکی خانەقین سەلام عەبدوڵاش لەیوتوب گرتەیەکی ڤیدیۆی بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا ماڵ و دوکانی هاوڵاتیان لەناو جەلەولادا دەسوتێن و خەڵكانێکی چەکداری نزیکی ئەو شوێنانەن.

دیاردەی تاڵانکردنی ماڵ وموڵکی گشتی لەساڵانی رابردوودا لە هەموو شەڕێکدا بۆتە دیاردە، مانگی حوزەیرانی رابردوو لەگەڵ پاشکەشەی سوپای عێراقدا تاڵانی کەلوپەلی سووپای عێراق ئەنجام درا، پێشتریش لەکاتی رووخانی سەدام لە ٢٠٠٣ زۆر دامەزراوەی کەرکوک و زۆر شوێنی تر لەلایەن هێزە کوردیەکانەوە تاڵانکران.
   

 



AM:11:36:28/11/2014