ده‌قی‌ رێکه‌وتنی‌ نێوان گۆڕان و یه‌كێتی‌

‌فۆتۆ .. زریان مەحەمەد

دوای چەند کۆبوونەوەیەک بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گەیشتە رێکەوتن و ئەمەی خوارەوەش دەقی رێکەوتنەکەیە:


١. حکومەتی خۆجێی سلێمانی، حکومەتێکی بنکە فراوانە لەگشت لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی ٣٠/٤/٢٠١٤ پێکدەھێنرێت، کەھەموو لایەنەکان بەپێی بەرکەوتی ھەڵبژاردن بەشدار و ھاوبەشن لەبەریوەبردنی پارێزگای سلێمانی


٢. پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی و جێگرەکانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و جێگرەکەی، بریاردەری ئەنجومەن، قائیمقامیەتی ناوەند، پۆستەکانی پارێزگای ھەڵەبجەو جێگرەکانی، سەرۆکی ئەنجومەنی ھەڵەبجەو جێگرەکەی، بڕیاردەری ئەنجومەنی ھەڵەبجەو قائیمقامی ھەڵەبجە، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ئیدارەی ڕاپەرین و جێگرەکان بەپێی ھاوپێچی یەکەم دابەش ئەکرێ، بۆ ھەر یەک لەگۆڕان و یەکێتی بۆماوەی دوو ساڵ پاشان جێگۆرکێیان پێ ئەکرێت.


٣. کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ دوو ساڵ یەکەمی پۆستی پارێزگای سلێمانی بریتیە لە (د.ئاسۆ فەرەیدون علی ئەمین) کەلە بەرواری(١١/١٢/٢٠١٤) دەست بەکار دەبێت تا بەرواری(٩/٨/٢٠١٦)، کاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دوو ساڵی دووەم پۆستی پارێزگای سلێمانی بریتیە لە(د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر) کەلە بەرواری (١٠/٨/٢٠١٦) دەست بەکار دەبێت تا بەرواری (٣٠/٤/٢٠١٨)

٤. تا ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی خۆجێ یەتی قەزاو ناحیەکان ، پۆسەتاکانی قائیمقام و بەرێوەبەری ناحیەکان لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیەوە دادەنرێن بەپێی ھاوپێچی ( دووەم و سێ یەم)ی ئەم رێکەوتنە

٥. پۆستەکانی بەرێوبەرەگشتیەکان بەپێی ھاوپێچی چوارەم دابەش دەکرێت بەسەر لایەنەکاندا.

٦. ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ دەستبەکاربونی پارێزگار ھەڵدەستێت بەجێبەجێ کردنی ھاوپێچی (دووەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم)

٧. ماوەی دووساڵ بە دووساڵ کەلەم رێکەوتنەدا ھاتوە بەمانای ئەوەیە کەدووساڵی یەکەم لە ١١/١٢/٢٠١٤ تا ٩/٨/٢٠١٦ دەبێت بەدووساڵی دووەم لە ١٠/٨/٢٠١٦ تا ٣٠/٤/٢٠١٨ دەبێت

٨. بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی لەرێگەی لیژنەیەکی ھاوبەشەوە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی تر دەکەن بۆ دیاری کردنی پشەکەکانیان و ھاوبەشی کردنیان لەحکومەتی خۆجێیەتی سلێمانی.

٩. گۆرانکاری لە بەرێوبەرەکانی پۆلیسدا بەپێی رێکەوتنی پێشوەخت لەنێوان ھەردوولا ئەنجام ئەدرێ و دەست پێکەکەی بەم گۆڕان کاریانە دەستپێ ئەکات،وەک لەھاوپێچی پێنجەمدا ھاتوە

١٠. ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ھەڵدەستێت بەپێدا چونەوە بەسەرجەم بەرێوەبەرایەتیەکان بەئەنجامدانی گۆرانکاری تیایدا بەپێ رێکارە یاسای و ئیداریەکان

١١. زانکۆو پەیمانگاکان و راگرایەتی دەستە سەربەخۆکان و ئەو فەرمانگانەی لەدەرەوەی دەسەلاتی ئەنجومەنی پارێزگاکانن بەپێی یاسا لەسەر بنەمای لێھاتوی و سیڤی و دەرفەتی یەکسان رێکدەخرینەوەو دادەنرێن

ئەم رێکەوتنە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەخوێنریتەوەو پەسەند دەکرێت و ئەنجومەنی حکومەتی ھەرێم پابەندە بەجێبەجێکردنی تەواوی رێکەوتنەکە

PM:04:42:09/12/2014