لڤین:دوو به‌رپرسی پارتی هه‌ڕه‌شه‌ له‌رۆژنامه‌نووسانمان ده‌که‌ن

گۆڤاری لڤین له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا رایده‌گه‌یه‌نیت که‌ دوو به‌ر‌پرسی باڵای پارتی له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی راپۆرتێک به‌ناونیشانی ((بەرپرسانی ناوچەی مەخمور بە ئاشكرا بازرگانی لەگەڵ داعش دەكەن) هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژنامه‌نووسانی ئه‌و گۆڤاره‌ ده‌که‌ن.

به‌یاننامه‌که‌ که‌ ئه‌مرۆ له‌ لایه‌ن گۆڤاری لڤینه‌وه‌ ده‌رچووه‌، ئاماژه‌ بۆ ناوی دوو به‌رپرسه‌که‌ نه‌کراوه‌، به‌ڵام باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ " لە ڕێی بەرپرسێكەوە (ر) راستەوخۆ پەیامی هەرەشەكانیان بۆ رۆژنامه‌نووسه‌کانیان ناردوون".

دەقی بەیاننامەكەی گۆڤاری لڤین 

دوای بڵاو بوونەوەی راپۆرتێكی رۆژنامەوانی گۆڤاری لڤین لە ژمارە 287ی رۆژی 10-12-2014دا بە ناونیشانی (بەرپرسانی ناوچەی مەخمور بە ئاشكرا بازرگانی لەگەڵ داعش دەكەن) دوو بەرپرسی باڵای پارتی بە ئاشكرا هەرەشە لە رۆژنامەنوسانی گۆڤاری لڤین دەكەن لە شاری هەولێر، جۆری هەڕەشەكانیشیان بریتی بووە لەوەی كە لە ڕێی بەرپرسێكەوە (ر) راستەوخۆ پەیامی هەرەشەكانیان دەنێرن ، هەروەها هەردوو بەرپرسەكەی پارتی كە ئەندامی ئەنجومەنی ئەوحیزبەن لە ڕێی جۆراوجۆرەوە هەڕەشە لە رۆژنامەنوسەكانی ئێمە لە شاری هەولێر دەكەن.

دوا هەڕەشەشیان بریتی بووە لە لەوەی كە شەوی 22/23-12 2014 لە ڕێی ئۆتۆمبێلێكی جۆری مۆنیكای جام تاریك، چاودێری یەكێك لە رۆژنامەنوسەكان كراوەو دواتر بە هەمان ئۆتۆمبێل شوێنی كەوتوون.


ئێمە نوسینگەی بەڕێزی سەرۆكی حكومەت و خودی خۆیشیمان لە ڕێی تایبەتییەوە لەم جۆرە هەڕەشانە ئاگادار كردۆتەوە، بە ئومێدی ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و دەزگا ئەمنیەكانی ئەو شارە، زەمانەتی گیانی رۆژنامەنوسەكانی ئێمە بكەن و چیتر كوردستان نەبێتە شوێنی تۆقاندنی رۆژنامەنوسان.


راستەوخۆ لەمبارەوە رێكخراوەكانی گرنگیدەر بە ئازادی رۆژنامەنوسان لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان لەم مەترسییە ئاگادار دەكەینەوە، هەروەها دەمانەوێت پێش ئەگەری هەر روداوێكی نەخوازراو سەرۆكی حكومەت، رێگە چارەی فیعلی بگرێتە بەر بەرامبەر ئەو بەرپرسانەی بە ئاشكرا لە ژێر قەڵەم رەوی ئەودا هەڕەشەی كوشتن لە رۆژنامەنوسان دەكەن.


داوا لە پەرلەمانی كوردستانیش دەكەین، لیژنەی تایبەتمەند بۆ لێكۆڵینەوە لە دۆسێی رۆژنامەنوسانی لڤین لە شاری هەولێر پێكبهێنێت.
ئێمە لە گۆڤاری لڤین بە جدی لەم دۆسیەیە دەروانین و چاوەڕێی ئەوەین حكومەتی هەرێم رێگە چارەی ئەمنی بگرێتە بەر، هەروەها ئەوەش دووپات دەكەینەوە لە ئەگەری هەر رووداوێكی نەخوازراو لە شاری هەولێر بەرامبەر رۆژنامەنوسەكانمان راستەوخۆ ئۆباڵه‌كەی دەكەوێتە سەرشانی پارتی دیموكراتی كوردستان.


گۆڤاری لڤین
23/12/2004



PM:06:41:23/12/2014