ناکۆکی نێوان که‌سانی هه‌ر دوو باڵی نێو سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی زۆر قۆڵبۆته‌وه‌و له‌وه ده‌رچووه له ناکۆکی سیاسی و رێکخراوه‌یی دا مابێته‌وه، به‌ڵکو چۆته سه‌ر ئاستی که‌سێتی، جگه له‌و ململانێ شه‌خسیه‌ی نزیکه‌ی هه‌فته‌یه‌که له‌نێوان شێخ جه‌عفه‌ر و عادل مورادا به‌رده‌وامه، چه‌ند ململانێ و شه‌ڕه قسه له‌نێو سه‌رکردایه‌تی ئێستا و ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی پێشوودا روویداوه.
سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار و نزیک له یه‌کێتی نیتشمانی کوردستان به سپی میدیای راگه‌یاند که ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر به‌رپرسێکی باڵای یه‌کێتی له‌گه‌ڵ دوو کادیری پێشکه‌وتووی ئه‌و حیزبه‌دا بۆته ده‌مه‌قاڵێیکی توند‌و دواتر جێگری یه‌که‌می سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، کۆسره‌ت ره‌سوڵ که‌وتۆته نێوانیانه‌وه‌و په‌یوه‌ندییه‌کانیانی نیمچه ئاسایی کردۆته‌وه.
سه‌رچاوه‌که‌ی سپی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه کرد که پێستریش به‌رپرسێکی تری باڵای یه‌کێتی له‌گه‌ڵ کادیرێکی پێشکه‌وتووی ئه‌و حیزبه بۆته ده‌ماقاڵییه‌کی توندیان و تا ئێستا نێوانیان به خراپی ماوه‌ته‌وه.
سه‌باره‌ت به‌دوا شه‌ڕی نێو ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی شێخ جه‌عفه‌ر و سکرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند عادل موراد، به‌یانی ئه‌مرۆ 24-2 کارگێڕانی مه‌کته‌بی سیاسی له‌گه‌ڵ هێرۆ ئیبراهیم و دلێری سه‌ید مه‌جید له مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی کۆبوونه‌وه، به‌ڵام نه‌گه‌یشتنه چاره‌سه‌رێکی یه‌کلاییکه‌ره‌وه‌ی نێوان ئه‌و دوو به‌رپرسه و نه‌یانتوانی به‌یانێک ده‌ربه‌که‌ن و که‌سیان مه‌حکوم بکه‌ن، به‌ڵکو له کۆتاییدا کێشه‌که ته‌نها به‌و راگه‌یاندنه‌ی به‌رپرسی ده‌سته‌ی کارگێڕی مه‌کته‌بی سیاسی مه‌لا به‌ختیار پرسه‌که جێهێڵرا.