عەلی حەمە ساڵح لەنامەیەكدا بۆ بارزانی: من ھەرگیز پەلاماردان‌و ھەڕەشە رامناگرێت

پاش ئەوەی لەكۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن دوو پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی هێرش كرایە سەر عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان، ناوبراو نامەیەك ئاراستەی بارزانی دەكات.

دەقی نامەکە:

                 بەڕێز/ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
سڵاو..
ھیوادارم سنورەکانی کوردستانمان پارێزراوبێت و خوێنی شەھیدانمان بەفیڕۆنەچێت، پێشمەرگە سەربەرزبێت...
 باوەڕم وایە، بنەمای حوکمڕانیەکی دروست بە موجامەلە دروستنابێت، حوکمڕانی دروست بە جورئەت و رەخنەی جدی بنیات دەنرێت، کە ئەمە بەشێکی لەسیفەتی کەسی خۆم و ئەم نووسیەنەم لەسەر ئەو بەنما دارشتووە.
ئێستا ھەرێمی کوردستان دووچاری چەندین قەیرانی گەورەبووەو ئەگەری زیادبوونی ئەم قەیرانانە ھەیە، ئەگەر شەڕی تیرۆر زیانی گەورەی نەگەیاندبێت بە تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگاکەمان، پێشمەرگەو ھاونیشتیمانییەکانمان سەربەرزانە ڕووبەڕووی ئەم شەرەبوونەتەوەو خۆمان و خاکمان دەپارێزن، ئەوا ئەم قەیرانانە کە بەداخەوە ھەندێک کار بۆ گەورەترکردنی دەکەن زیانی گەورەی گەیاندووەو ترسی زیادبوونی ئەم زیانەش ھەیە، من نامەوێت پەلاماردانی من وەک تەنیا دۆسیەی ھێرشکردنە سەر من ببیندرێت، چونکە ھەرگیز بۆم گرنگ نەبووە چەند دەژیم، ئەوەی گرنگ بووە میللەتەکەم چۆن دەژی، ئەوەی من وتوومەو لەسەری پەلاماردراوم پرسی نیشتیمانە نەک من.
باوەڕیشم وایە سیاسی دەبێت ھەموو دەرفەتێک بقۆزێتەوە بۆ قسەکردنی جدی و خزمەت بە نیشتمان و ھاونیشتمانیانی، ئەم نووسنەش لەو چوارچێوەدایە.
لەچەند تەوەرێکدا، بەرێزت ئاگادار دەکەمەوە کە نیشتمانمان لە چی قەیرانێکدایەو رەخنەکانی من لەسەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت چین و ترسی گەورەبوونی ئەم گرفتەش ھەیە.
رەخنەکانی من...
بەسیفەتی ئەوەی بەڕێزتان سەرۆکی ھەرێمی کوردستانن،  بەرپرسی یەکەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردنن و ئەرکتان لەسەرە، منیش ھاوڵاتییەکی کوردستانم، مافی خۆمە رەخنەتان لێبگرم، واتە: رەخنەکان بابەتی کەسی نین و پەیوەندی بە پۆستەکەتانەوە ھەیە، دڵنیابە ئەگەر سەرۆکی ھەرێم نەبن یان بەرپرسیارییەتییەکی فەرمیتان نەبێت ھەرگیز نە ڕەخنە لە ئێوەو نە لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ناگرم ، وەک سەرۆکی حکومەت، بەڵام بەرپرسیاری یەکەم لە ھەموو گرفتێکی ئەو وڵاتە بەپلەی یەکەم سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی ھەرێمە، بۆیە رەخنەکانی منیش بە پلەی یەکەم لەو دوو کەسایەتییە، کە ئەو پۆستەیان ھەیە لە ئێستاو ئایندەشدا.
بۆیە.. پێویستە ئەو رەخانەی لە چوارچێوەی ئەم نووسینەو نووسینەکانی پێشتریشدا ھەبووە، وەک حاڵەتێکی ئاسایی وەربگیرێت نەک شکاندنی ھێڵی سورو پیرۆزی.
قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرپرسیارەتی سەرۆکی ھەرێم..
ئێمە ھەرێمێکی دەوڵەمەندین لەڕووی سامانی سروشتییەوەو ژمارەی دانیشتوانیشمان کەمە، بەمە دەوترێت: رەحمەت .
ئێستا ھەرێمی کوردستان تووشی چەندین قەیرانی گەورەبووە.
-لەپاش ٢٠٠٣ ەوە ئێمە لە بەغدا نزیکەی ٧٤ ملیار دۆلارمان بۆھاتوە، داھاتی نەوت ئەوەی من ئاگاداریم نزیکەی ١٥ ملیار دۆلار بووە(جگە لەوەی ئاگاداری نیم) ، داھاتی ناوخۆ بەخەمڵندراوی جگە لە نەوت نزیکەی ١٦ ملیار دۆلارە(ئەوەی ئاگاداریم)، واتە: بە نزیکەی ١٠٥ ملیار دۆلار نەتواندراوە ژێر خانێکی بەھێزی بۆ کوردستانمان دروستبکرێت، ئەمە جگە لەوەی بەپێی راپۆرتی فەرمی وەزارەتی دارایی، حکومەتی ھەرێم  بڕی ١٦ ترلیۆن و ٤٩٥ ملیار دینار قەرزی کەوتووەتە ئەستۆ، جگە لەوەی بەپێی زانیارییەکی من نزیکەی سێ ملیار دۆلاری دیکە لە رێگای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان قەرزاراین. ئایا کێ بەرپرسە لەوەی کە ئێستا دۆخی دارایی کوردستان بەم شێوەیە؟ بۆ وای لێھات؟
-تاوەکو ئەم ساتە قۆرخکاری ئێجگار گەورە لە بازاڕی  کوردستاندا ھەیە، لە کۆمپانیاکانی پڵاوتنی نەوت، فرۆشتنی بایی ١٠ ملیۆن دۆلاری گازوایل بەنرخی گران رۆژانە بەحکومەت،  تاوەکو فرۆشتن و دروستکردنی مەنەفیست لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی دیاریکراو بە تانکەرەکان، کڕینی نەوتی خاو لەلایەن ئەم چەند کۆمپانیا لە حکومەت و فرۆشتنەوەی بەنرخی گران بە پاڵاوگەی بێ مۆڵەت، وەرگرتنی پارە بەنایاسایی لە خاڵە سنورییەکان. ئەنجامەکەی دەستکەوتنی ھەزاران ملیۆن دۆلار بوو لەلایەن ئەم چەند کۆمپانیایەوەو زیانگەیاندن بەخاک و خەڵکی کوردستان.
کێ بەرپرسە لەمە رەخنە لەکێ بگرین؟
-بپرسەو بزانە، کۆمپانیا گەورەکانی ئەم وڵاتە ھی کێن؟ ئەوە کێییە زۆرینەی پرۆژەکانی ھەیە؟ باشترین زەوی کوردستانیان پێدەدرێت بەبێ ئەوەی ماندووبن بە ملیۆنان دۆلار دەیفرۆشنەوە؟
- نازانم ئاگاداریت، بەھۆی پرۆژەکانی نیشتەجێبوونەوە شیرازەی دەیان ھەزار ھاونیشتمانی ئەم وڵاتە تێکچووە.
 ئەم دۆخە ببینە: ھاونیشتیمانییەکمان ٢٠ ساڵە کرێچییە، بە ھەزار نەھامەتی ٨٠ ھەزار دۆلار (ھەشت دەفتەر)ی کۆکردووەتەوە بە ٢٠ ساڵ، خەونی بووە ببێتە خاوەنی خانوو، بەڵام پارەکەی ھەمووی خوراوە. ئەمە تەنیا چیرۆکی یەک خێزان نییەو چیرۆکی ھەزاران خێزانەو فایلی ھەموو کێشەکان ئێستا لای منە، دەزانی ئەم پرۆژانە بۆ وای لێھات: بەشێکی ئەمانە کە گوایە وەبەرھێنەربوون، وەبەرھێنەر نەبوون خەڵکی "ساختەچی" بوون، ھێندران لەپای وەرگرتنی پارەیەکی زۆر کە لە میلیۆنێک دۆلارەوە بۆ ٢٠ ملیۆن دۆلار وەک رەشووە زەوی باش و پرۆژەیان پێدرا، دیارە ئەم پارەش ھی خەڵکی ھەژار بوو نەک وەبەرھێنەر، وەبەرھێنەریش پارەی خەڵکە ھەژارەکەی داوە بە کۆمەڵێک دەسترۆشتوو ئێستا دەڵێت: ئیفلاسم کردووەو ناتوانم ئەم پرۆژانە بکەم.
 بەرێز سەرۆکی ھەرێم، دەزانێت بەشێک لەوانەی ئەم کارە خراپەنەیان کردووە ناو و ناوبانگ و دەسەڵاتی تۆو سەرۆکی حکومەتیان بەکارھێناوە. ئەگەر نا ئەم ھەموو پرۆژانە بۆ لە ھەولێر شکت دێنێت لە کاتێکدا سەدان ملیۆن دۆلار لە خەڵک وەرگیرا. ئایا کێ بەرپرسە لەم دۆخە؟
لە پرۆژەی چاکسازییەکەی سەرۆکی ھەرێمدا لە ٢٠١١دا بەدواداچون بۆ زۆرێک لەم پرۆژانەو چەندین پرۆژەی موساتەحە کراوە، زۆر ئومێدمان ھەبوو ئەوانەی دەسترێژیان کردووەتە سەر خاکی نیشتمان دادگایی بکرێت، کە دەرکەوت بایی ھەزاران ملیۆن دۆلار(بەخەمڵێندراو) زەوی ئەم وڵاتە خراپ بەکارھێندراو کاری نایاسایی لەسەر کرا، پرسیاری ئەنجامی ئەم لیژنە بکەن، لە زەوییەوە بۆ مامەڵەی خراپ بەدەرمان. کێ لێی بەرپرسە؟
-لەم حکومەتی ھەرێمەدا ھەزاران کەس بە نایاسایی خانەنشین بوون، ئاگاداریت: دەیان جاش ئەوانەی دەستیان بەخوێنی پێشمەرگە سورە لەگەڵ چەندین ئەنفالچی بەپلەی گەورەو وەک پێشمەرگەی دێرین بە لیواو عەمید خانەنشین بوون؟
خۆت باش ئاگاداری شۆڕشی ئەیلول و گوڵانی، دەزانی چۆن بووەو کێ بەشداربووە، لێی بکۆڵەوە بزانە چەند کەس ئێستا موچەی پێشمەرگەی ئەیلول و گوڵان وەردەگرێت، رەخنەی ئەمە لەکێ بگرم؟
بزانە ھەزاران کادیری حیزبی چۆن بە پلەی جیاوازی ئیداری خانەنشینکراون و چرکەیەک فەرمانبەر نەبوون، رەخنەی ئەمەیان لەکێ بگرم؟
لەپاڵ ھەموو ئەم نادادییەی سەرەوەدا، کە تەنیا کورتەیەکیم باسکردو لە ئایندەدا وردەکارییەکەی رووندەکمەوە،دەبێت ژیانی پێشمەرگەیەک بیبین موچەی ٥٠٠ ھەزار دینارەو کرێ چییەو لەکاتی خۆیدا موچە کەمەکەش وەرناگرێت...
-بەرێزتان بەرپرسی یەکەمن لە ھێزی پێشمەرگە، دەزانی ٤٢٩ ھەزار کەس بە ناوی جیاواز شێوازی جیاوازو خانەنشینی جیاواز موچەی پێشمەرگە وەردەگیرێت، بەشی ھەرە زۆری ناعەدالەتییە، نایاساییەو گەندەڵییە؟
تۆ بەرپرسی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی، بڕیاری پەرلەمان بۆ یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە دەرچوو، سەرۆکی ھەرێم واژووی لەسەر کرد، وادەی یاسایی تەواوبوو جێبەجێنەکرا؟
بەپێی بەدوادچونی ئێمەو زۆر دۆستی دیکەش، نزیکەی ٣٠ بۆ ٤٠% لە فەوج و لیواکانی پێشمەرگە تاوەکو ئێستا، وەک پێشمەرگە تەنیا موچە وەردەگرن، کاری پێشمەرگایەتی ناکەن. ئەمە رەوایە.
کێ لەمە بەرپرسە؟ بەدڵنیایەوە یەکەم سەرۆکی ھەرێم و دووەم جێگری سەرۆکی ھەرێم و دواتر وەزیری پێشمەرگە.
دەیان کەیسی دیکەش ھەن کە جێگای رەخنەن ..
رەخنەی لایەنە سیاسییەکان...
من نازانم چەند بە راشکاوی ئەمەت لەگەڵ باسکراوە...
زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکانی بەشداربووی حکومەت، رەخنەی جدییان ھەیە، قاعیدەکەمان فشاریان لێدەکات بۆ ھەڵوێستی جدی، ماوەی یەک ساڵ و نیوە پەرلەمان و نۆ مانگە حکومەت دروستبووە، ھیچ ھەنگاوێکی گەورەو جدییان بۆ چاکسازی نەدیوە، ئۆپۆزسیۆنی پێشوو تاوەکو ئەم ساتە بەشداربوویەکی رووکەشی ھەیە لە حکومەتدا، لە ژێر فشارێکی گەورەدان، بەشێک لەو ھاوڕێیانەمان کە سزای سیاسی دراون تاوەکو ئێستا نەگەڕێندراونتەوە، دەزانی چەند قورسە.. بریکاری وەزیری ناوخۆ گۆڕان بێت و خەڵکی لەبەر ئەوەی گۆڕان بووە، تاوەکو ئێستا موچەی بڕاوەو ڕێگای دەوامکردنی نادرێت.
بپرسە.. ئەو بەرنامە چاکسازییەی لەسەری رێکەوتین و لەپەرلەمان خوێندرایەوە چەندی جێبەجێبووە؟
دەزانی ئێستا دۆخی دارایی بزوتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی لەو پەڕی خراپیدایەو بۆ خەرجییەکی کەمیش قەرز لە ئەم و ئەو دەکەن و بونەتە ژێر قەرزێکی زۆر، بەڵام  پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانیش چەندین ڕێکخراوو کەناڵ و باڕەگاو بینایان ھەیە، کە تەنیا خەرجی چەند مەڵبەند و لقێک لە خەرجی ئەم سێ حیزبە زیاترە، دەزانیت ئەمانە چەند نیگەرانن لەوەی ئەم دوو حیزبە ئەم ھەموو مەسروفاتەیان ھەیە، بەڵام دۆخی حیزبەکانی ئەوان بەو شێوەیە، موچەی فەرمانبەرو پێشمەرگەش دوادەکەوێت.
دەیان رەخنەی دیکەیان ھەیەو ھیوادارم بە ڕاشکاوی لەگەڵت بدوێن.
ئەم حیزبانە وەک ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتییەکی نیشتیمانی ئەم دۆخەیان قبوڵە نەک شتی دیکە.
رەخنەی ئێمە ئەوەیە: سەرۆکی ھەرێم دەبێت سەرۆکی ھەموو حیزبەکان بێت بەیەک ئاست لێیان دوربێت، نەک ئەوەی ئێستا ھەیە.


ویلایەتی سەرۆکایەتی ھەرێم، کێشە بنەڕەتییەکە..
لەپاڵ شەڕی تیرۆرو ئەو ھەموو قەیرانەی لە کوردستانماندا ھەیە، بابەتێکی دیکە یەخەی گرتووین، کە ئەگەر عاقڵانەو بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت دورنییە نەھامەتی گەورە بەسەر ھەمووماندا بھێندرێت.
جیاوازی من و ھەندێک کەسی دیکە ئەمەیە: ئێستا ئەگەر ئەم بابەتە بە گفتوگۆو یاسا چارەسەر نەکرێت و پشتگوێ بخرێت چارەسەربوونی زۆر قورسە، پێموایە لێکەوتەی خراپی دەبێت، بۆیە زۆر بەراشکاوانە وتوومەو دەیڵێم: نابێت دوابخرێت دەبێت ئێستا دەستبکرێت بە گفتوگۆو چارەسەری یاسایی -  سیاسیی بکرێت، نەک تەنیا چارەسەری سیاسیی.
پێویستە بەڕێزتان وەک سەرۆکی ھەرێم، لەگەڵ کۆی لایەنەکان کۆببنەوەو وەک لایەنگیر بۆھیچ بیرۆکەیەک درنەکەون و بەھەر لایەنێک بڵێن چارەسەری یاسایی ئێوە بۆ ئەم پرسە چییە؟
کۆمەڵێک رێگامان لە پێشە..
یەکەم: ھەڵبژاردن بۆ سەرۆکی ھەرێم بەپێی یاسا، ئایا دەتوانین تاوەکو چوار مانگی دیکە ھەڵبژاردن بکەن؟
دووەم: گۆڕینی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمان بەسازان.
سێیەم: خستنە راپرسی دەستوور، کە ئەمەیان کوردستان دابەش دەکات بەو پێییەی بەشێکی زۆری ھێزەکان دژی رەشنووسەکەن، ئایا دەکرێت دەستورەکە لە راپرسی دەنگ نەھێنێت یان بەیەک دونیا کێشە دەربچێت؟
چوارەم: دەستورێکی تەوافقی ئامادەبکرێت بۆ دەنگدان.
پێنجەم: درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکایەتی ھەرێم، کە ئێمەو زۆر لایەنی دیکە لەگەڵی نین.
لەم بژاردانە دەبێت ئەوەیان ھەڵبژێرن کە وڵات دەباتە کەنارێکی ئارام.
کۆتایی..
من ھەرگیز پەلاماردان‌و ھەڕەشەو پلانگێڕی ئازارم نادات و رامناگرێت ، نەشمویستووە کەس بەم ھەڕەشەو پیلان و قسانەوە سەرقاڵ بکەم، چونکە ئازاری نەداوم، ئەوەی ئازارمدەدات ئەو ھەموو گەندەڵی و نادادییە لەم وڵاتەی مندا ھەیە.
دڵنیایە ھەندێک کەس لەسەر ویلایەتی سەرۆکی ھەرێم، ئاساییە کوردستان بکەنەوە بە دوو ئیدارە، گۆمی لێڵ دروستبکەن چونکە راوکردن تێیدا ئاسانە،  مەسافەی گەندەڵی قۆرخکاری زۆرترە، ھیوادارم رێگا لەم نەفەسە بگیرێت، چونکە ژیان لە دوئیدارەیدا ھەم قورسەو ھەم شەرمە، من خەمی ئەمەمە نەک شتی کەسی.
گرفتی من لەگەڵ ھەندێک برادەر ئەوەیە، من باوەڕم بە پیرۆزکردنی کەس نییە، پیرۆزکردنیش شەخسەکان لەم زەمانەدا پێش ھەموان زیان لەو کەسانە خۆی دەدات، چونکە من پێموایە سەرۆکی ھەرێم دەبێت سەرۆکی ھەرێم بێت نەک پارتی، جێگری سەرۆکی ھەرێم دەبێت ھی ھەموان بێت نەک یەکێتی، ئەمە بۆ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەشی دروستە؟ ئەمە چۆن دروستدەکرێت؟ بەپلەی یەک بەڕێزتان بەرپرسن لە دروستکردنی، ئەویش قبوڵنەکردنی پیرۆزکردن شەخس و کێشانی ھێڵی سور.

بەھیوای کوردستانێکی ئاوەدان
عەلی حەمە ساڵح ، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان




PM:02:46:26/03/2015