ئەمەریکا: داگیرکردنی رومادی کارەساتە بۆ سووپای عێراق

‌فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی ئەمەریکا
فەرماندەی ئەرکانی هێزە هاوبەشەکانی ئەمەریکا، مارتن دیمبسی داگیرکردنی رومادی لەلایەن داعشەوە بە کارەسات بۆ سووپای عێراق ناوزەد کرد.

ئاژانسەکان بڵاویان کردەوە، دیمبسی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد گەڕانەوەی ئەو شارە هەوڵێکی زۆری دەوێت ئەمەریکاش بەردەوام دەبێت لە هێرشی ئاسمانی و راهێنانی سووپای عێراق.


ئەمەریکا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ستراتیژیەتی خۆی لە یارمەتیدانی عێراق ناگۆڕێت. ( واتە ئۆباما لەبەرنامەیدا نییە هێزی پیادە بنێرێت بۆ عێراق).

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش بەرپرسیارێتی داگیرکردنی رومادی خستە ئەستۆی عێراقییەکان، بەتایبەتی کە دوای شکستی موسڵ و هەڵهاتنی سووپای عێراق، سەرلەنوێ ئەو سووپایە رێکخرایەوە، بەڵام ئەمجارەش لە رومادی هەڵهات و هەرچی چەک و جبەخانەی هەیە لەدوای خۆی جێیهشت بۆ چەکدارانی داعش.

ئەمەریکا پێیوایە ئەو شەڕە درێژخایەنە.



AM:09:41:19/05/2015