"هێزەکانی پۆلیسی تورک كێوماڵی ١٠٠ بنکەی کوردو داعش لە ئیستانبووڵ دەکەن"

بەبەشداری ٥ هەزار پۆلیسی تورکی لەشاری ئیستانبوڵ دەستکرا بە پشکنین ١٠٠ ئۆفیس و ماڵ بەبیناووی گرتنی چالاکوانی کوردو گرووپە چەکدارەکانی سەر بە داعش.

کەناڵی ئەلجەزیرە لە میانەی هەواڵەکانیدا لە زاری پەیامنێرەکەیەوە لە شاری ئیستانبووڵ ریگەیاند "ئەو کێو ماڵکردنە  نزیکەی ١٠٠ بنکەو ماڵی چالاکوانی کوردو گومانلێکراوی سەر بە داعشی گرتۆتەوەو چەندان کەس دەستگیرکراون".

ئەم هەڵمەتەی پۆلیس، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دێت کە شەوی رابردوو ٧/٢٣ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سازکرد لەسەر پەرەسەندنەکانی روبەرووبوونەوەی داعش لەسەر سنورو "گرووپە چەکدارەکانی کورد".

هاوکات لە دوێنێ شەوە فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش دەکەن لە شاری حەلەبی سوری لە نزیک سنوری تورکیا.
 
لەلایەکی ترەوە چەند رۆژێکە بەپێی رێککەوتنی تورکیاو ئەمەریکا بنکەی ئاسمانی ئینچەریکی تورکی بەرووی فرۆکە هاوپەیمانەکانی دژی داعشدا کراوەتەوە تا لەوێوە بۆردومانی بنکەو چەکدارانی داعش لەناو سوریادا بکەن.  



AM:09:31:24/07/2015