"راوەستانی نومایش سەربازی لەناو هەولێر لەسەر داوای ئەمەریکییەکان بووە"

وەک فشارێک بۆ سەر پەرلەمان و ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت لەپەرلەمان دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم کەمبکەنەوە، چەند شەوێک بوو نمایشی سەربازی و مەدەنی لەشەقامە گشتییەکانی هەولێر ئەنجام دەدرا، بەبڕیاری بارزانی و لەسەر داوای ئەمەریکییەکان نمایشە سەربازییەکەی پێشمەرگەو پۆلیس نەما، بەڵام نومایشکردنی رێکخراوە حیزبیەکانی پارتی شەوانە درێژەی هەیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" نوێنەرانی ئەمەریکا لە هەولێر لەرێگای تایبەتی خۆیانەوە بارزانیان ئاگادار کردۆتەوە لەو حاڵەتە نا ئاساییەی کە شەوان نومایشی سەربازی لەهەولێر ئەنجام دەدرا".

بەپێی زانیارییەکانی سپی، ئەمەریکییەکان جگە لە نیگەرانی خۆیان کە بەبارزانیان راگەیاندووە وتووشیانە " ئەگەر هەولێر ئارامە چ پێویست بەو نمایشە سەربازییە دەکات" هەروەها پێیان وتووە" ئەم نمایشە سەربازییە کاریگەری لەسەر ئەو پرسانەی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم دەکات کە ئێستا لە ئارادایەو قسەوباسی لەسەر دەکرێت".

ئەو نمایشە سەربازییانە لەکاتێکدایە کە راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم مەسرور بارزانی ماوەیەکە لەدەرەوەی وڵاتەو تا ئێستا روون نەبۆتەوە کە کێ لەپشت بڕیاری ئەنجامدانی ئەو نمایشە سەربازیانەوەیە.

دوای وتارەکەی بارزانی لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، چەند هێزێکی تایبەتی پێشمەرگە و پۆلیس و رێکخستنەکانی پارتی شەوانە خۆیان بەشەقامە گشتییەکاندا نمایش دەکرد، دوێنێ ٨/١٢ لەسەر بڕیاری بارزانی راگیرا، بەڵام تا ئێستا رێکخستنەکانی پارتی لەهەولێر شەوانە نومایش دەکەن و وێنەی بارزانی بەسەر شوێنە گشتییەکاندا دابەش دەکەن.
چاودێران پێیانوایە ئەم هەنگاوانەی پارتی بۆ گووشار خستە سەر پەرلەمان و ئەو لایەنانەیە کەدەیانەوێت پێش ٨/٢٠ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەموار بکەن. 
   



AM:09:48:13/08/2015