پارێزگاری سلێمانی بێ ئەوەی لایەنەکە دەستنیشان بکات هەڕەشە دەکات

پارێزگاری سلێمانی ھەڕەشەی توند لەو کەس و لایەنانە دەکات کە ھەوڵی تێکدانی دۆخی شاری سلێمانی دەدەن، بەبێ ئەوەی لایەنەکە دەستنیشان بکات.

ئاسۆ فەریدوون پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی شارەکە  لەسەر مانگرتنی فەرمانبەرانی بەشێک لە فەرمانگەکانی شارەکە، کە ماوەی دوو رۆژە بەھۆی پێنەدانی موچەوە مانیان گرتووە، کۆبوەوە، دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: لەھیچ کەس و تاقمێکی قبوڵ ناکەین بیانەوێت ئاسایشی نیشتمانیی و خۆراک و کۆمەڵایەتی سلێمانی بشێوێنێت.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، پارێزگاری سلێمانی، ئاسۆ فەرەیدوون وتی " ئەگەر ھەر ھێز و گروپ و تاقمێک بیەوێت دەستکاری ئاسایشی خۆراک و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیی شارەکە بکات، بەھیچ جۆرێک لێی قبوڵ ناکەین و وەڵامی خراپیشی دەدەینەوە. ( بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ چۆنێتی وەڵامی خراپ بکات).

پارێزگاری سلێمانی جەختیکردەوە کە ھەموو ڕێوشوێنێکی ئەمنی دەگرینە بەر بەرامبەر بەو کەسانەی دەیانەوێت دۆخەکە تێکبدەن، راشیگەیاند: سلێمانی پشکۆی ئاگرە، ھەر کەسێک دەستی بۆبەرێ، ئەیسووتێنێت.

د. ئاسۆ هاوکات وێڕای پشتیوانیکردن لە فەرمانبەران کە مافی خۆیانە داوای وەرگرتنی موچە بکەن و دابینکردنی موچەی بە ئەرکی سەرەکی حکومەت وەسفکرد، سوپاسی ئەو فەرمانبەرانەشی کرد کە دەوامیان بایکۆت نەکردووەو وتی: ئەو فەرمانبەرانەی بەردەوامن لە راییکردنی کاروباری ھاوڵاتیان جێگەی ستایش و پێزانینن.



PM:08:33:25/08/2015