سلێمانی.. کرێکارێک لە باڵەخانەیەک کەوتە خوارەوە و گیانى لەدەستدا

ئەمڕۆ شەممە ٤ی ئایاری ٢٠٢٤ کرێکارێکی تەمەن (٢٣) ساڵان لە باڵەخانەیەکى نیشتەجێبوونەوە لە سلێمانی کەوتەخوارەوە و گیانى لەدەستدا، لەم پڕۆژەیەدا ئەمە چەندین کرێکارە دەکەوێتە خوارەوە. 

عوسمان زیندانی سەرۆکی بیناسازی سلێمانی، دەربارەی ڕووداوەکە لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" ئەمڕۆ لە نهۆمى (١٧)ى باڵەخانەیەکى پڕۆژەی بەرزاییەکانی سلێمانی کرێکارێکی ٢٣ ساڵان  لە کاتی کارکردندا كەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا". 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە چەندین جارە لەو پرۆژەیەدا كرێكار گیان لەدەستدەدات، بەدواداچوونیان بەردەوامە بۆ دیاریكردنی هۆكاری سەرەکی ڕووداوەكە. 

قوربانییەکە ناوی فەریدون محەمەد حەسەنە و خەڵكی كۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستانە. 

بەپێی ئامارێکی سەندیکاى کرێکارانی کوردستان، لە سەرەتایی ئەمساڵەوە تا ئێستا (٢٢) کرێکار لە کاتی کارکردندا، لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا، بەهۆی پابەندنەبوونی کرێکارەکان لە کاتی کارکردندا بە مەرجەکانی سەلامەتی، زیاتر لە (٤٠) کرێکار لە هەرێمی کوردستان لە کاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە. 


PM:06:43:04/05/2024