لەسلێمانی‌و هەڵەبجە بایکۆتی خوێندنە، لەهەولێرو دهۆک دەوامە

لە خوێندنگاکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەرین مامۆستایان بایکۆتی خوێندیان کردووەو قوتابخانەکان داخراون، لەهەولێر و دهۆک دەوام بەردەوامە، یەکێتی مامۆستایانیش ئەمڕۆ لەهەولێر کۆدەبنەوە.

ئەمڕۆ بۆ رۆژی دووەمە لە ناوچەکانی سلێمانی و هەڵبجە لەدژی دواکەوتنی مووچە، مامۆستایان بایکۆتی خوێندنیان کردووەو جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە تا شەممە خوێندنگاکان ناکرێنەوەو کۆمەڵێک داواکارییان خستۆتە روو لەوانە " حکومەت لە ماوەیەکی کورتدا کە لە هەفتەیەک تێپەڕ نەکات مووچەی مانگی تەموز دابەش بکات و وادەی پێدانی مووچەی مانگی ئاب و ئەیلول دیاری بکات، هەروەها حکومەت پرۆژەی چاکسازی ڕابگەیەنێت لە سەرجەم سێکتەرەکاندا و کەرتی پەروەردە و بژێوی هاوڵاتیان تێکەڵی ململانێی سیاسیی نەکرێت."

لەهەولێر و دهۆک دەوام درێژەی هەیە، ئێوارەی ئەمڕۆش دەستەی باڵای یەکێتی مامۆستایان لە هەلەولێر لەسەر ئەو پرسە کۆدەبنەوە کە یان بڕیار دەدەن سلێمانی و هەڵبجەش دەست بەدەوام بکەنەوە، یان هەولێرو دهۆکیش دەچنە پاڵ خۆپیشاندانەکان.     



AM:09:03:05/10/2015