لەسەرجەم شارو شارۆچەکەکانی سلێمانی پۆلیس‌و ئاسایش خۆپیشاندەر دەگرن

لەو شارو شارۆچکانەی خۆپیشاندانی تیا کراوەو خەڵک کوژراون و ئاڵای حیزبەکان داگیراون و پۆلیس بەبەردی  خۆپیشاندەر بەسەختی بریندار بووە، خۆپیشاندەران دەستگیر دەکرێن.

پەیامنێری سپی لە دەربەندیخانەوە بە سپی راگەیاند دوێنێ ١٠/١١ نزیکەی ٢٠ گەنج گیراون، لە قەڵادزەش بەدەیان خۆپیشاندەر دەستگیرکراون، لە سلێمانیش زیاتر ١٥٠ خۆپیشاندەر دەستگیرکراون و لەقەرەداغ و چەندین شوێنی تر خۆپیشاندەران دەستگیرکراون.

سپی پەیوەندی کرد بە بەرپرسانی ئەمنیەوە، ئەوان لای خۆیانەوە ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێکی فەرمی بدەن، بەڵام وتیان" لەهەندێک شارۆچکە خەڵک کوژراوە دەبێت بکوژەکان بدۆزرێنەوە، ئەوانەی ئاڵای حیزبەکانیشیان داگرتووە دەستگیردەکرێن، لەهەندێک شارۆچکەی تر چاوی پۆلیس بە بەبرد دەرهاتووە، دەبێت ئەوانەش دەستگیربکرێن".

ئەو سەرچاوە ئەمنیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەوانەی دەستیان لەو تاوانانەدا هەیە رادەستی دادگا دەکرێن و ئەوانی تر ئازاد دەکرێن. 



AM:12:44:12/10/2015