گۆڕان: دەکرێت کێشەکانمان لەگەڵ پارتی لەڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەربکەین

ئەمرۆ شاندێكی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ بەرەی توركمانی لەشاری هەولێر كۆبوونەوە‌و پاش كۆبوونەوەكەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وردەكاری كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.

لەكۆنگرە رۆژنامەنوسییەكەدا  محەمەد حاجی ڕێکخەری ژووری پەیوەندیە سیاسییەکانی گۆڕان ئاشکرایکرد، وەکو گۆڕان لەسەر بارودۆخی ئێستای ھەرێم و ئەو قەیرانانەی کەھەن  دەستیان بەزنجیرەیەک  سەردان و دانوستان لەگەڵ لایەنەکان کردووەو سەردانی  سەرجەم لایەنەکانیش دەکەن.

بەرپرسەکەی گۆڕان ئەوەشی وت:"ئامانجی سەردانەکانمان بۆ نزیکردنەوەی لایەنەکان و  وەرگرتنی  بۆچونی  لایەنەکانە لەسەر بارودۆخی ئێستای ھەرێم، لەبارەی سەردانیان بۆ لای پارتی".

باسی لەوەشکرد، ئەو کێشەیەی لەنێوان ئەوان و پارتیدا ڕویداوە، "بەواتای کۆتاییھاتنی دونیا نایەت، دەکرێت  کێشەکانمان لەگەڵ پارتی لەڕێگەی گفتوگۆو دیالۆگەوە چارەسەربکەین".

لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنەکەشیان لەگەڵ پارتی سەبارەت بەپێکھێنانی کابینەی ھەشت، ڕێکخەری ژووری پەوەندیە سیاسییەکانی  بزوتنەوەی گۆڕان وتی:"ئەو ڕێکەوتنەی کە ھەیانبووە لەگەڵ پارتی ھەڵوەشاوەتەوە، چونکە پارتیش ئەمەی ڕاگەیاندووە".
وتیشی:"ئەو ڕێکەوتنە ئەگەر لەڕووە سیاسیەکەوە ھەڵوەشابێتەوە، لەڕووە یاساییەکەوە وەک خۆی ماوەتەوەو ھەڵنەوەشاوەتەوە".



PM:02:42:24/10/2015