بەهرۆز گەڵاڵی: سیاسەتی تاكڕەویی پارتی كوردستان بەرەو كارەسات دەبات

نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە توركیا سەبارەت بە سیاسەتەكانی پارتی دیموكرات دەڵێت: بەڕای بەندە دەبێ هەوڵبدرێ بەحیوار و دیالۆگ ئەو سیاسەتە تاكڕەوییە بوەستێنرێ! ئەگەرنا كارەساتێكی زۆر گەورە ڕووی لەكوردستان كردووە.

بەهرۆز گەڵاڵی لە وتارێكدا بەناوی "وەبیرهێنانەوە" هەروەها داوا لە یەكێتی‌و گۆڕان دەكات یەكبگرنەوە‌و دەنوسێت: لێرەدا داوا لەیەكێتییەكان و گۆڕانەكان بەتایبەتی دەكەم، باهەموومان پێكەوە بیربكەینەوە، با واز بێنین لە ئیمتیازاتی تاكەكەسی و كورسی و مەنسەبی سیاسی بهێنین، با نێو ماڵی كورد یەكبخەینەوە، یەكنەگرینەوە پرۆسەی دیموكراسی لە كوردستان دەكەوێتە خەتەرەوەو سیستمێکی تر لەكوردستان بەتەواوی دادەمەزرێنرێ کە تاک حزبییە، ئەمەش كارەساتە.. ئەو كاتە بۆ هەتا هەتایە دەبێ هەموومان پێكەوە خواحافیزی لە دیموكراسی بكەین! جا تا فرسەت ماوە، با بەیەكەوە ئیش بكەین و هەوڵبدەین یەكەم هەنگاو گۆڕان و یەكێتی تیكەڵاو بكەینەوە، ئەوە ڕاو هەڵوێستمەو نایشارمەوە.

هه‌روه‌ها گه‌لآڵی ده‌ڵێت" بۆیە حزب و لایەنەكان، پێش ئەوەی لەگەڵ پارتی دابنیشن و باسی پڕكردنەوەی پۆستەكانی پەرلەمان و وەزیرەكانی گۆڕان بكەنەوە، دەبێ داوای ئەوە بكەین هەولێر كە پایتەختی كوردستانە دەبێ خاڵی بكرێ لەهێزەكانی پارتی، واتە ئاسایش و پۆلیس و زێڕەفانی و پێشمەرگە سەرلەنوێ بكرێتە هێزێكی هاوبەشی كوردی و هەموو ئەو لایەنانەی كە حكومەت و پەرلەمان پێكدەهێنن تیایدا بەشداربن، ئەگەر ئەوە نەكرێ. هەر كاتێك لایەنێكی سیاسی بەكەیفی هێزی یەکەم نەجوڵایەوە، ئەوە خۆی لە بازگەكانی پردێ و دێگەڵە دەبینێتەوە".

دەقی وتارەكە بخوێنەرەوە:


وەبیرهێنانەوە
به‌هرۆز گه‌لاڵی
لەدوای كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی، زۆر بەچڕی لەمێدیاكان باس دەكرێ گوایە پارتی دەیەوێ لەگەڵ یەكێتی و یەكگرتوو قسە بكات و پۆستەكانی گۆڕان لە لایەن یەكێتی و یەكگرتووە پڕ بكرێتەوە. لەكاتێكدا ئەوەندەی بەندە ئاگادار بم یەكێتی بڕیاریداوە بەهیچ شێوەیەك پۆستەكانی گۆڕان وەرنەگرێ. چونکە ئەمە هەڵەیەكی سیاسی و ستراتیژی زۆر گەورەیە و لەگەڵ ئەو هەموو خەبات و تیكۆشانەی یەکێتی کە لەپێناوی چەسپاندنی پرۆسەی دیموكراسی ئەنجامیداوە، ناگونجێ، لێرەدا داوا لەسەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەم با هەموو لایەنەكان  پێكەوە دوو پرسیار بكەین؟
یەكەم ئەرێ زەحمەت نەبێ پەیوەندیی لەگەڵ سوننەكان و سعودیەو قەتەرو توركیا لەچ ئاستێكدایە؟ بۆ كام لایەنی خزمەتكردنی میللەتەكەمانە؟، دووەم زەحمەت نەبێ ئەو ڕێكەوتنامە پەنجا ساڵییەی كە لەگەڵ توركیا ئیمزایان كردووە، با نوسخەیەكی بدەنە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەگەر ئەو حكومەتەی ئێستا حكومەتی بنكە فراوان و حكومەتی هەموو لایەكمانە!
پێموایە رەوشەکە سەلماندی ئەو حكومەتە لەژێر هەژموونی پارتی دیموكراتی كوردستانە، هەر حزب و لایەنێكش لەحكومەت و پەرلەمان بێ، مەگەر بەكەیفی ئەو هەژموونە بجوڵێتەوە، ئەگەر هەر لایەنێكیش ئەوە نەكات، ئەوە كودەتاكەی كە لەدژی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا، لەدژی لایەنەكانی تریش ئەنجام دەدرێت، بەڵگەشمان، یەكەم پێش ماوەیەك مەكتەبی سیاسی پارتی كۆبووەو بڕیاریان دا یەكلایەنە لێ نەگەڕێن سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی گۆڕان دەوام بكەن، بەڵگەی دووەم پێش چەند ڕۆژێك ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی كۆبووەو دوای ئەوە راستەوخۆ ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەكانی خۆی کردەوە كە بێ هۆكار ئەوە دوو مانگە ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەی خۆی نەكردووە.
بۆیە حزب و لایەنەكان، پێش ئەوەی لەگەڵ پارتی دابنیشن و باسی پڕكردنەوەی پۆستەكانی پەرلەمان و وەزیرەكانی گۆڕان بكەنەوە، دەبێ داوای ئەوە بكەین هەولێر كە پایتەختی كوردستانە دەبێ خاڵی بكرێ لەهێزەكانی پارتی، واتە ئاسایش و پۆلیس و زێڕەفانی و پێشمەرگە سەرلەنوێ بكرێتە هێزێكی هاوبەشی كوردی و هەموو ئەو لایەنانەی كە حكومەت و پەرلەمان پێكدەهێنن تیایدا بەشداربن، ئەگەر ئەوە نەكرێ. هەر كاتێك لایەنێكی سیاسی بەكەیفی هێزی یەکەم نەجوڵایەوە، ئەوە خۆی لە بازگەكانی پردێ و دێگەڵە دەبینێتەوە...
ئامانجی ئەم جۆرە سیاسەتە  لێكترازاندنی  پەیوەندیەكانی نێوان یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووە، بەڕای بەندە دەبێ هەوڵبدرێ بەحیوار و دیالۆگ ئەو سیاسەتە تاكڕەوییە بوەستێنرێ! ئەگەرنا كارەساتێكی زۆر گەورە ڕووی لەكوردستان كردووەو دەبێ چارەسەری بنەڕەتی بۆ بدوزرێتەوە.
لێرەدا داوا لەیەكێتییەكان و گۆڕانەكان بەتایبەتی دەكەم، باهەموومان پێكەوە بیربكەینەوە، با واز بێنین لە ئیمتیازاتی تاكەكەسی و كورسی و مەنسەبی سیاسی بهێنین، با نێو ماڵی كورد یەكبخەینەوە، یەكنەگرینەوە پرۆسەی دیموكراسی لە كوردستان دەكەوێتە خەتەرەوەو سیستمێکی تر لەكوردستان بەتەواوی دادەمەزرێنرێ کە تاک حزبییە، ئەمەش كارەساتە.. ئەو كاتە بۆ هەتا هەتایە دەبێ هەموومان پێكەوە خواحافیزی لە دیموكراسی بكەین! جا تا فرسەت ماوە، با بەیەكەوە ئیش بكەین و هەوڵبدەین یەكەم هەنگاو گۆڕان و یەكێتی تیكەڵاو بكەینەوە، ئەوە ڕاو هەڵوێستمەو نایشارمەوە.



PM:12:06:29/12/2015