بارزانی لەگەڵ حیزبەکان کۆدەبێتەوە، گۆڕان بایکۆتی دەکات

وا بڕیارە رۆژی سێ شەممە ١/٢٦ بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی حیزبەکان کۆبێتەوە، بزووتنەوەی گۆڕان بایکۆتی ئەو کۆبوونەوەیە دەکات.

کاکەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ئێن ئاڕ تی-دا ئەوەی ئاشکرا كرد، ڕۆژی سێ شەممە مەسعود بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا كۆدەبێتەوە و بزوتنەوەی گۆڕانیش بانگهێشتكراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە بە سپی راگەیاند" بزووتنەوەی گۆڕان بایکۆتی ئەو کۆبوونەوەیە دەکات لەبەر دوو هۆکار".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە لایەکەوە "بانگهێشتنامەکە یاسایی نییە، چونکە بارزانی لە ٨/٢٠/٢٠١٥ ماوەی یاسایی تەواوبووە، جا نازانین چۆن بەو سیفەتە لایەنەکان کۆدەکاتەوە، یان وەک سەرۆکی پارتی".

سەرچاوەکەی گۆڕان هۆکاری دووەمی گەڕاندەوە بۆ مەرجەکانی گۆڕان بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆکان کە ئەویش گەڕانەوەی دۆخی ئاساییە بۆ پەرلەمان و گەڕاندنەوەی سەرۆکەکەیەتی د. یوسف محەمەد، هاوکات گەڕانەوەی وەزیرەکانی گۆڕانە.


ئەو سەرچاوەیە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گۆڕان سوورە لەسەر ئەم هەڵوێستەی " چونکە ئەگەر گۆڕان بە پێچەوانەی ئەم هەڵوێستەوە مامەڵە بکات، ئەوا شەرعیەت دەدات بە کودەتاکەی ١٠ ئۆکتۆبەری پار".



PM:10:30:24/01/2016