رێبوار وەلی روو لەشاناز ئیبراهیم: ئاخ ئەگەر پوورێكی وەهام دەبوو..

نوسەری دیاری ناو میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وتارێكدا هێرشی توند دەكاتە سەر شاناز ئیبراهیم ئەحمەد‌و بە ئانارشیست‌و درۆزنی ناودەبات.

رێبواركەریم وەلی لەبەشێكی وتارێكیدا بەناوی لەژێر ناوی "ئەگەر پوورێكی وەهام دەبوو.." باس لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەكات‌و دەنوسێت: "ماوەیەكە ژنێك لە پەیجەكەی خۆی شتی وا دەنووسێ كە ئەگەر نەیناسی و نەزانی كێیە، عەوداڵی دەبی و پێتوایە كە ئەوە یان ئاوقاتی میللەتە یان سیاسییەكی بلیمەت! كەچی كە لە ئەسڵ و نەسەبی دەكۆڵییەوە، دەبینی مێردەكەی دوو ساڵە قووتی خەڵكی بڕیوە و برازاكەشی (كە جێگری سەرۆكی حكومەتە و نوێنەرایەتی هەردوو خانەدانی برایم ئەحمەد و تاڵەبانی دەكات) كون بە كون بە دوای دابینكردنی ئەو قووتەوەیە كە مێردی پوورەكەی پێشنیازی بڕینی كردووە".

رێبوار بەردەوام دەبێت‌و دەنوسێت "مەبەست ئەوە نییە كە كوێرانە پەلاماری پوور بدەم، بەڵام وەكو هاووڵاتییەكی ئەو وڵاتە دەمەوێ قەناعەتم كامڵ بێت و هیچ گومانێكم نەمێنێ كە بنەماڵەی بارزانی و دەستوپێوەندەكانی هەرچی پارەی نەوتی ئەو وڵاتە هەیە دزیویانە و لەخەڵكیان شاردووەتەوە! داوام لە پوورێ ئەوەیە كە بە قەولی هەولێرییان (هەر لۆ فشەی) هەندێك (هەمووشی نا) لە سەروەت و سامانی خۆیان، هی ماڵباتی بارزانی و ئەوانی دیكەش ئاشكرا بكات، بەڵام لە خۆیانەوە دەست پێبكات. لەو پارانەی كە بە جانتا وەریاندەگرت و دوایی سپییان دەكردەوە لە ماڵدیڤ و قوبرس!".

لەكۆتایی نوسینەكەیدا نوسەرەكەی پارتی دەڵێت "ئانارشیست و درۆزنی ئەمسالی پوورێ، خەڵكێك بەرهەم دێنن كە جورئەتی ئەوە بكات بچێ بە شۆفڵ خۆڵی سەر بۆڕیی غاز هەڵبداتەوە و بیتەقێنێتەوە! ئاخ ئەگەر پوورێكی وەهام دەبوو...".



PM:02:15:04/02/2016