بارزانی: ئەمساڵ ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام دەدرێت

مەسعود بارزانی لەنامەیەكدا بۆ سەركردەكانی جیهان رایدەگەیەنێت كە دەیەوێت ئەمساڵ ڕیفراندۆمێكی ناپابەند ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی ڕای خەڵكی كوردستان لە بارەی سەربەخۆییەوە بزانێت.

ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتی (وۆردڤیو - Worldviwe) کە دەزگای میدیایی (فیلادیلفیا ئینکوایەرەر)دا، دیمانەیەكی "ترودی ڕوبین"، خانمە ڕۆژنامەوانی دەزگاکە لەگەڵ "مەسعود بارزانی”، بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا بارزانی نامەیەكی ڕاشكاوانە ئاراستەی هەموو سەركردەكانی جیهان دەكات و پێیان ڕادەگەیەنێت، سنوورە كۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها لەسەر كاغەز بوونیان ماوە و لەسەر ئەرزی واقیعدا هەقیقەتێكی دیكە هەیە و دەبێت ئەو هەقیقەتە لەبەر چاو بگیرێت.

بەپێی دیمانەكە كە باسنیوز بەشێكی بڵاوكردوەتەوە، بارزانی دەڵێت: "لەگەڵ ئاژاوە و ناسەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەلافەتی ئیسلامیی داعش لە ڕووبەرێكی بەرفراوانی سووریا و عێراقدا بوونی هەیە، ئێستا كاتێكی باشە كە دووبارە چاو بە سنووری ناوچەكەدا بگێرێتەوە، بەڵام نەك وەك 100 ساڵ پێش ئێستا، كاتێك بەریتانیا و فەڕەنسا ئەم ناوچەیەیان دابەش كرد، پرسیان بە كەس نەكرد، دەبێت ئەمجارە سەركردەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێك بن لەم پڕۆژەیە”.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئومێد دەکات، لە دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دابمەزرێت، ئەو دەیەوێت ئەمساڵ ڕیفراندۆمێكی ناپابەند ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی ڕای خەڵكی كوردستان لە بارەی سەربەخۆییەوە بزانێت.

پەیامنێری ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: "لەو كاتەی بارزانی قسەی بۆ دەكردین، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە سنوورە كۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها لەسەر كاغەز بوونیان ماوە و ئێستا لەسەر ئەرزی واقیعدا هەقیقەتێكی دیكە هەیە. ئەوە حاڵی عێراقە كە دەیبینیت، كاتێك ڕژێمی "سەدام حوسێن” ڕووخا، شەڕی مەزهەبگەرایی نێوان شیعە و سوننە سەریهەڵدا، لە سووریاش، ڕژێمەكەی زۆر دڕندانە و لە بەشێكیدا لەسەر بنەمای مەزهەبگەرایی وەڵامی خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەی وڵاتەكەی دایەوە. هەر ئەم فیتنە مەزهەبگەراییەش بوو ڕێگەی بۆ داعش خۆش كرد كە لە ناوچە سوننییەكانی هەردوو بەری سووریا و عێراق، بنكەی خۆی دابمەزرێنێت، تەنانەت بەبێ ئەوەی لەو ناوچانەشی كە سوننە و شیعەش پێكەوە تێكەڵن، نەتوانراوە لەیەكتری جیابكرێنەوە، بۆیە كوشت و كوشتار بەردەوامە، لەبەر ئەوە پێویستە لە یەكتری جیابكرێنەوە، بەڵام ئەم جیاكردنەوەیە دەبێت لە چوارچێوەی هەرێمێكی فیدڕالیی تازە بێت، یان جیابوونەوەیەكی فەرمی بێت و دەبێت ئەم واقیعە تازەیەش لەبەرچاو بگیرێت”.

بارزانی  دووپاتی دەکاتەوە کە دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ كورد، هەر لەدوای ڕێككەوتنی لۆزانەوە لە ساڵی 1923، ئومێد و خەونی کورد بووە، ئەم ڕێككەوتنە لە نێوان هاوپەیمانانی شەڕی یەكەمی جیهان و توركیای دوای دەسەڵاتی عوسمانی ئیمزا كراوە، بەپێی دیكۆمێنتەكانی پێشتر، بەڵێن بە كورد دراوە كە دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ كورد لەسەر خاكی خۆی دابمەزرێندرێت. بارزانی ڕای گەیاندووە: "كورد لەدوای ساڵی 1991ەوە، كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ناوچەی دژە فڕینی بۆ دامەزراند، تا ئاستێكی زۆر، خۆی خۆی بەڕێوە بردووە، وێڕای گەمارۆی ئابووری و كێشە ناوخۆییەكانیش، هەرێمی كوردستان بەشە هەرە سەقامگیرەكەی عێراق بووە و ڕۆڵێكی گەورەشی لە تیكشكان و پاشەكشەپێكردنی داعشدا گێڕاوە و پشوازیشمان لە دەیان هەزار ئاوارەی كریستیان و ئیزدیش كردووە”.

بارزانی دڵنیایی بە هەموو دونیا داوە کە ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیەی لە كوردستانی عێراق دادەمەزرێت، دەبێتە دورگەیەكی سەقامگیر لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.



PM:01:50:13/03/2016