ئەو تەقینەوەیەی دوێنێ شەو ناوجەرگەی ئەنقەرەی کردە ئامانج لە ئەنجامدا ٣٤ کەس کوژران و ١٢٤ کەسی تریش برینداربوو.
ئاژانسە جیهانییەکان بڵاویان کردەوە لە ئەنجامی تەقینەوەی شەوی رابردوو ٣/١٣ کە ناوجەرگەی پایتەختی تورکیا مەیدانی ( کەزیلا)ی کردوە ئامانج ١٥٩ کەس لە کوژراو بریندار بوونە قوربانی و دەیان ئۆتۆمبیل سووتان.
هەر زوو دوای تەقینەوەکە دەزگای ئەمنییەکانی تورکیا تاوانی تەقینەوەکەیان خستە پاڵ پارتی کرێکارانی کوردستان و گرووپە نزیکەکانی ئەو حیزبە، لە کاتێکدا هەدەپە کە پارتی گەورەی کوردو نەتەوەکانی ترە تەقینەوەکەیان مەحکوم کرد.
هاوکات ناوەندە ئەوروپایی و جیهانییەکان بە هەمان شێوە ئەو تەقینەوەیان مەحکوم کرد.
جیاوازی نێوان تەقینەوەی شەوی رابردوو و تەقینەوەی مانگی شوباتی هەمان شار لەوەدایە تەقینەوەی یەکەم، بنکەیەکی سەربازی کردە ئامانج و کوژراوەکان هەموویان سەربازی بوون، بەڵام تەقینەوەی دوێنێ شەو قوربانییەکان زۆربەیان مەدەنین، پەیوەند بەم رووداوە تا ئێستا پارتی کرێکارانی کوردستان هیچ لێدوانێکی فەرمی لەو بارەیەوە بڵاونەکردۆتەوە.
ساڵی پار ئیستنەبووڵ و چەندان شاری تری ئەو وڵاتە چەند تەقینەوەیەکی بەخۆوە بینی، کە زۆریان لەلایەن گرووپە ئیسلامییە توندڕەکان ئەنجامداربوون و کوردو تورکیش کرابوونە ئامانج.