داهاتی نەوتی فرۆشراو بڵاوكرایەوە

وەزارەتی نەوتی عیراق رایدەگەیەنێت مانگی ئایاری رابردوو بەرمیلێك نەوتیان بە زیاتر لە 37 دۆلار فرۆشتوەو داهاتی نەوتی ئەو مانگەش نزیكەی 4 ملیار دۆلار بووە.

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە بەپێی دوا ئاماداری كۆمپانیا بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) كۆی ئەو نەوتەی لەمانگی ئایاری رابردودا لەكێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق هەناردەكراوە گەیشتوەتە 99 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل.

ئەوەشی خستوەتەڕوو كە داهاتی نەوتی مانگی رابردوو بە بەراورد بەمانگەكانی پێشتر بەرزبوەتەوەو بڕەكەی 3 ملیارو 748 ملیۆن دۆلار بووەو نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی فراشراویش كە تێكڕا وەرگیراوە 37 دۆلارو 78 سەنت بووە.

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق راشیگەیاندوە: جگە لەو نەوتەی لەناوەڕاست و باشوری عیراقەوە هەناردەیان كردوە، لەكێڵگە نەوتیەكانی باكورەوە هیچ بڕە نەوتێكیان بۆ بەندەری جیهانی توركیا هەناردە نەكردوە.



PM:04:52:21/06/2016