لە منبەج داعش بەمەبەستی شکاندنی گەمارۆی سەر چەکدارەکانی هێرشی توند دەکات

دوو رۆژە بە مەبەستی شکاندنی گەرمارۆی سەر چەکدارەکانی کە سەرچاوە ئەمەریکییەکان پێیانوایە کەسانی بەرپرسی داعش لەنێویاندایە، ئەو رێکخراوە هێرشی توند دەکاتە سەر هێزەکانی سووریای دیموکراتی.

ئاژانسی هاوار نیوزی نزیک یەپەگە ئەمڕۆ ٧/٣ بڵاویکردەوە، بەرەبەیان لەرێگای چوار ئۆتۆمبیلی خۆکوژەوە چەکدارانی داعش لە میحوەری جەرابلسەوە هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی سووریای دیمکراتی و شکستیان خواردووە.

هاوکات دوێنێش لە دوو میحوەرەوە چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سووریای دیموکراتی، ئەمە لەکاتێکدا کە ئەنجومەنی سەربازی منبەج دوێنی رایگەیاند" لە ٤٠% شارەکەیان ئازاد کردووە".

لەسەرەتای گەمارۆدانی هێزەکانی سووریای دیموکراتییەوە بۆ شاری منبەج، هەندێک سەرچاوەی نا فەرمی ئەمەریکییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لەنێو ئەو شارەدا کەسانی بەرپرسی باڵای داعش گەمارۆدراون.

هاوکات داعش وەک روانگەی مافی مرۆڤی سوری بڵاویکردەوە بە دەیان خێزانی کوردی لە شارۆچکەی " ئەلباب" لە باکوری رۆژئاوای شاری منبەج بە بارمتە گرتووە، هاوکات بەسەدان خێزانی کوردو عەرەب لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش هەڵدێن بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی سوریای دیموکراتی.



AM:10:26:03/07/2016