" وەفدی یەکێتی ئەگەر دەڕۆن بۆ لای پارتی سازش دەکەن، نەگەڕێنەوە بۆ سلێمانی"

بەرپرسی رێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت" " وەفدی یەکێتی ئەگەر دەڕۆن بۆ لای پارتی سازش دەکەن، نەگەڕێنەوە بۆ سلێمانی و لەوێ ببن بە راوێژکار".

لە نووسینێکدا بەناونیشانی " ئەگەر ئەرۆن مەیەنەوە" شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت" لەم ماوەیا زۆر بابەتمان لە رێی میدیاكانەوە بیست كە پاش جەژن "یەكێتی و پارتی كۆ دەبنەوە" و "پارتی و حزبەكان دادەنیشن" و "پارتی نەرم بووە" و "پارتی شل بووە" و پارتی ئەمە و پارتی ئەوە و لەهەمان كاتیشا زۆربەی لایەنەكان ئەو داوەتنامە و دانیشتن و كۆرو كۆبونەوانەیان بە دڕۆ خستوەتەوە.. پارتی چی ئەڵێت كێشەی من نیە ئەوان ئەوە پەنجا و سێ ساڵە شتێك ئەڵێن و شتێكیتر ئەكەن!".

ئەوەی بەلای شاناز ئیبراهیمەوە وەک خۆی دەڵێت گرنگە" ئەوەی بەلامەوە گرنگە یەكێتی و لایەنەكانیترن..لە راستیا كەس هەق نیە لەگەڵ پارتیا كۆ بێتەوە پێش ئەوەی كە پارتی داخوازییەكانی میللەت جێبەجێ بكات لەوانە كارا كردنەوەی پەرلەمان .. مەسەلەی كورسیەكە و هەموار كردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی.. گەراندنەوەی داهات بۆ گەل و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەرێم و دەوروبەرو كورد وتەنی هاتنە خوارەوە لەو عەرشە لە لم و خەون و بڵق دروست كراوەیان!".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەڵێت" گەر یەكێتی بەتەمایە پاش جەژن لەگەڵ پارتیا دابنیشێت بۆ ئەوەی كە هەمدیس نیگەرانیەكانی پارتی بڕەوێنێتەوە ئەوە باشترە كە دانەنیشێت.. گەر ئەڕوات بۆ ئەوەی كە هاوپەیمانیتیەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕانیان دووبارە بۆ شێ بكاتەوە ئەوە پێویست بە دانیشتن ناكات چونكە خاڵەكان زۆر بە كوردیێكی سادە و ڕوون و رەووان نوسراونەتەوە .. گەر بەتەمان بڕۆن و باس لە مەسەلەی فەرەیدون عەبدولقادرو رێفراندۆم و سەربەخۆییە نیمچە ئیماڕاتیە سعودیە داش خەلیفە ئوردوغانیەكە بكەن ئەوا نەچونیان گەورەییە... گەر ئەشڕۆن و پرۆژەی نوێیان ئەدەنێ و تەنازول ئەكەن ئەوا چاكترە ئەو شاندەی كە بەشداری دانیشتنەكە ئەكەن نەگرێنەوە سلێمانی و هەر لەوێ پۆستی راوێژكاری وەرگرن!".



AM:01:34:10/07/2016