لەیادی دوو ساڵەی داگیرکردنی شەنگالدا
تا ئێستا ٢٠% خاکی ئێزیدی رزگار نەکراوە

ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر داگیرکردنی شەنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تێپەڕدەبێت، تا ئێستا لە ٨٠% رزگارکراوەو ٢٠% خاکی ئێزیدی بەدەست چەکدارانی داعشەوەیە.

مەحما خەلیل قائمیقامی قەزای شەنگال لە وتارێک لە مەزاری ئەشرەف لە نزیک شەنگال رایگەیاند" تا ئێستا لە ٨٠% خاکی ئیزیدیان رزگار کراوە"، مژدەی  رزگارکردنی ٢٠% تری بە خەڵکی کوردستان راگەیاند.

 قائیمقامی شەنگال هێرشی کردە سەر هەندێک هێز کە لەدەرەوەی عێراق هاتوون خۆیان بەسەر شەنگالدا سەپاندووە، هاوکات حکومەتی عێراقی بە کەمتەرخەم ناوزەد کرد کە هیچی نەکردووە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال.

کەسایەتی دیار و پەرلەمانتاری عێراق ڤیان دەخیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا داوای کرد کە شەنگال بکرێت بە پارێزگاو بخرێتە سەر هەرێمی کوردستان و ئەوەش بە ڕێگا چارەیەک دەزانێت بۆ بنەبڕکردنی قەڵاچۆکردنی ئیزیدیەکان.

ئەمڕۆ جگە لەمەزاری شەرەفەدین، هاوکات لە لالشیش بەبەشداری نوێنەری کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی تر مەراسیمێک ساز دەکرێت.

لە شاری سلێمانیش ئێوارەی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی هاوڵاتیان و سەرجەم لایەنەکان، مەراسیمێک لەبەردەم باخی گشتی بۆ ڕێز لێنان لەو یادە سازدەکرێت.

لە کامپی عەرەبەتیش کە ژمارەیەکی بەرچاو ئاوارەی ئێزیدی لێ نیشتەجێیە، لەلایەن ئەنیستیوتی ۆرک، بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی لەگەڵ رێکخراوی CDO کاتژمێر شەشی ئێوارە بەناونیشانی " جێنۆساید تێپەڕی، ژیان بەردەوامە" مەراسیمێک بۆ ئەو یادە ساز دەکات.

دوو ساڵ تێدەپەڕێت بە سەر جینۆسایدکردنی ئێزیدیەکان، کە تا ئێستا ٦ هەزار هاوڵاتی، ٣٤٥٥ ژن و ٢٦٠٠ پیاو بێ سەروشوێنن.
٢٧٤٥ مناڵی ئێزیدی بێ دایک و باوکن، لەکاتی ئاوارەبوونیشدا لە شاخی شەنگال ٦٠٠ مناڵ و پیر گیانیان لەدەستدا.

ە پێی ئامارە فەرمییەكان، لە سەرەتای پڕۆسەی داگیركارییەكەدا 1800 كەس دووچاری كوشتنی بە كۆمەڵ بوونەوە تەنها لە گوندی كۆچۆ 400 پیاوی ئەم گوندە لە گۆڕێكی بە كۆمەڵ زیندەبەچاڵكراون.

لەو کارەساتەدا ٣٤٠ هەزار ئێزیدی ئاوارەبوون، ١٤٠ هەزار کەسیان روویان لە شەنگال کرد، ٢٩٠ هەزاریشیان روویان لە شارەکانی تری کوردستان کرد. 



AM:11:23:03/08/2016