کارگەی چیمەنتۆی گاسن بەتوانای بەرهەمهێنانی ٣٥٠٠ تەن لەرۆژێکدا کرایەوە

کارگەی چیمەنتۆی گاسن لەناوچەی بازیانی سلێمانی بەتوانای بەرهەمهێنانی ٣٥٠٠ تەن لە رۆژێکدا کرایەوە.

له‌ وته‌یه‌كدا فاروق مه‌لا مسته‌فا، سه‌رۆكی گروپی كۆمپانیاكانی فاروق رایگه‌یاند" كارگەی چیمه‌نتۆی گاسن پرۆژه‌یەكی دیكەی سەربە گروپی كۆمپانیاكانی فاروقە لە ساڵی 2013ەوە دەست بە دروستكردنی كراوە، رۆژانەی لەتوانایدایە 3500 تەن چیمه‌نتۆ بەرهەمبهێت و ساڵانەش بەرهەمی  بگاتە یەك ملیۆن و 700هەزار تەن".

سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی فاروق وتیشی" كارگەی چەیمەنتۆی گاسن لە ناوچەی بازیانی شاری سلێمانی لەسەر روبەری (2252) دۆنم زەوی لەلایەن كۆمپانیای (SINOMA)ی‌ چینیەوە‌ دامەزراوە و كۆمپانیای (زەریا)ی سەر بە گروپی كۆمپانیاكانی فاروق كارە شارەستانییەكانی ئەو كارگەیەی ئەنجامداوە، لە ئێستادا 400 كەس لە كارمەندی بیانی و خۆماڵی كاری‌ تێدادەكەن".

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد تائێستا هیچ پرۆژەیەكیان لەكاركردن نەوەستاوە و مانگانە هیچ كاتێك مافی كرێكاران و كارمەندانیان دوانەخستووە، ئەو پرۆژانەش كردوویانەتەوە وایانکردووە خەڵكی ئەو ناوچانە یەكەم كەس بن كاری تێدا بكەن.

لە کردنەوەی کارگەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و کۆمەڵێک بەرپرسی حیزبی و حکومی بەشداربوون، فاروقی مەلا مستەفا وتی"‌ شاری سلێمانی ته‌نها پایته‌ختی رۆشنبیری نییه‌، به‌ڵكو پایته‌ختی پیشه‌سازی و ئابوریشه‌".

بڕیاریشە گروپی كۆمپانیاكانی فاروق لە ئایندەیەكی نزیكدا چەند پرۆژەیەكی دیكەی بكاتەوە، لەوانە پرۆژەی گەشتیاری دوكان و پرۆژی فارماسیوتیكاڵ بۆ دروستكردنی گیراوەی پزیشكی و پرۆژەی زانكۆی پزیشكی و پرۆژەی ریسایكلینی خاشاكی سلێمانی بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای لافارج.

له‌ 26ی حوزەیرانی رابردوش گروپی كۆمپانیاكانی فاروق لە ناوچەی  پیشەسازیی عەربەت، كۆمەڵگای پیشەسازیی (IRALEX) كردوە كە پێكهاتوە لە سێ‌  كارگەی بەرهەمێنانی سەندویچ پەناڵ و ئەلەمنیۆم پرۆفایل و رەنگ كردنی پرۆفایلی ئەلەمنیۆم.



PM:01:05:04/08/2016