سەرکەوتنی یەپەگە لە حەسەکە نزیکە
لە جەرابلس تورکیا بۆردومانی شەڕڤانان دەکات

لەو هێرشە بەرفراوانەی یەپەگە دوو رۆژە دەیکاتە سەر بنکەکانی رژێمی سوریا لە حەسەکە، چەندان شوێن ئازاد کراوەو کۆنترۆڵکردنی شارەکە نزیکە، بەلآم لە نێوان عفرین و کۆبانێ، تورکیا دەیەوێت لە جەرابلس بەرەیەکی نوێی شەڕ لە کورد بکاتەوە.

هاوار نیوز ئاژانسی نزیک کوردانی رۆژئاوا رایگەیاند" دوێنێ زیاتر لە ٢٣٠ سەربازو چەکداری رژێمی بەشار خۆیان رادەستی هیزەکانی سوریای دیموکراتی کردووە".

ئەو ئاژانسە ئەوە دەخەنە روو کە گەرەکی نەشووەی رۆژهەلآت و دووڕیانی باسل و سەمونخانەی غویران و کۆلیژی ئابوری کە بنکەی ‌هێزەکانی رژێم بوون ئازاد کراون، هاوکات شەڕڤانان چواردەوری یاریگای باسل یان گەمارۆداوەو، شەڕ لەهەندێک شوێن ماوە.

لەلایەکی ترەوە لە میانەی چوارچێوەی ئەو پیلانەی دژی رۆژئاوای کوردستان لەنێوان سوریاو تورکیاو ئێران بە سەرپەرشتی رووسیا بەڕێوەدەچێت، لە دوێنێوە تۆپبخانەکانی تورکیا تۆپبارانی شەڕڤانان لە باکوری منبەج دەکەن و بەرەیەکی نوێیان لە شاری جەرابلس لەسەر سنوری نێوان کوبانی و عفرین دژی کورد کردۆتەوە.

هەر دوێنی سەرکردەی ئەنجومەنی سەربازی جەرابلس کە شەڕڤانێکی عەرەبی دژە تورکیایەو سەر بەهێزەکانی سوریای دیموکراتە عەبدولستار جادریان کووشت کە هێزکانی سووریای دیموکراتی ئاماژە بۆ میتی تورک دەکەن کە ناوبراوی کوشتبێت.



AM:09:52:23/08/2016