مەسعود حەیدەر هەواڵی هاوسەرگیری دووەمی ڕەتدەکاتەوە

بەشێک لە ماڵپەڕەکانی پارتی چەند وێنەیەکی مەسعود حەیدەر پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕانیان لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ کچێکدا بڵاوکردووەتەوە و باس لەوە دەکەن بێ ئاگاداری هاوسەری یەکەمی هاوسەرگیری کردووەتەوە، بەڵام ناوبراو ڕەتی دەکاتەوە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سپی میدیا مەسعود حەیدەر، ڕایگەیاند ئاگاداری ئەو هەواڵانە نییە و وتیشی کە هاوسەرگیری دووەمی نەکردووە و هەر هەواڵێکی لەو شێوەیە بڵاوبکرێتەوە دوورە لە ڕاستییەوە.

میدیاکانی پارتی بڵاویانکردووەتەوە "ئەندام پەرلەمانێکی گۆڕان لە بەغدا ژن و دوو منداڵی لە هۆڵەندا بەجێدێڵێ و هاوسەرگیری لەگەڵ کچە عەرەبێک دەکات پەرلەمانتاری عێراقی لە سەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان مسعود حیدەر رۆستەم کە ژن برای عوسمانی حاجی مەحمودی ئەندامی پیشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرکردەی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان که هاوسەری هەرەوەز کچی شەهید جەمیل رەنجبەرە و خاوەنی دوو کچن کە تەمەنی گەورەکەیان سیزدە ساڵە و ئەوەی دیکشیان حەوت ساڵە بەبێ ئاگاداری ژن و منداڵەکانی بەر لە چەند رۆژێک لە گەڵ کچێکی عەرەب کە لە دایک بووی ساڵێ ١٩٩٤ هاوسەرگیری کردووە".

هەروەها میدیاکانی پارتی نوسیویانە "بە گوێرەی قسەی نزیکەکانی ئەو پەڕلەمانتارە ژن و منداڵەکانی لە هۆلەندا لە ژیانێکی خراپی ئابووریدا دەژیێن چوونکە هاوکاریان ناکا. شایەنی باسە ژمارەیەکی زۆری بەرپرسانی کورد کە لە بەغدا پۆستیان هەیە ژنی دووەمیان هێناوە و ژمارەیەکیشیان بە دزی ئەو کارەیان کردووە".




PM:06:43:04/09/2016