بانكی هەرێم لەسەر داهاتی سلێمانی هاتەدەنگ

بەڕێوبەری گشتی بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی لەسەر داهاتی سلێمانی هاتەدەنگ‌و دەلێێت: داهاتی ناوخۆی سلێمانی نە دەچێتە گیرفانی حیزب ونە حیزبیش دەتوانێت هەڵسوكەوتی پێوە بكات.

عەبدولرحمان ساڵح رەشید، بەڕێوبەری گشتی بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند:" دوای ئەوەی لەچەند كەناڵێكی ڕاگەیاندن هەواڵ وڕاپۆرتی چەواشەكارانە بڵاو كرایەوە لەسەر بڕی داهاتی ناوخۆی سلێمانی ونەناردنی ئەو داهاتە بۆ بۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم لە هەولێر، بە پێویستمان زانی كورت وپوخت بە چەند خاڵێك وەڵام بدەینەوە".
بەڕێوبەری گشتی بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی بەم چەند خاڵە وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە:-

یەكەم: بە دیكۆمێنت پاڕێزراوە لەلای فەرمانگە پەیوەندیدارەكان و گەنجینەكان و وەزارەتی دارایی وئابوری حكومەتی هەرێم، كە داهاتی پاڕێزگای سلێمانی دەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی ناوبراو نەك هیچ لایەكی تر، ئەو حسابەش لەژێر چاودێری وەزارەتی دارایی وئابورییدایە وبەردوەام زانیارییان لەسەری هەیە وچاودێری دەكەن ..

دووەم: لەڕێی ئەو حسابە و گەنجینەكانی سلێمانی وفەرمانگەكان، ئەو داهاتە خەرج دەكرێت بۆ پێداویستی پاڕێزگای سلێمانی، واتە ئیجرائاتی یاسایی وئیداری خۆی وەردەگرێت، دواتر بۆ پڕ كردنەوەی پێداویستی فەرمانگەكان وكارە خزمەتگوزاریەكان خەرج دەكرێت..
سێیەم: بە هیچ شێویەك ئەم پرۆسەیە مۆركی هیچ حیزبێكی پێوە نیە وداهاتی ناوخۆی سلێمانی نە دەچێتە گیرفانی حیزب ونە حیزبیش دەتوانێت هەڵسوكەوتی پێوە بكات و تەنها لایەن كە بۆی هەیە تەسەرفی پێوە بكات وەزارەتی دارایی و ئابوریە، لەژێر چاودێری و ووردبینی دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

پێشتر چەند پەرلەمانتارێکی پارتی ئاماژەیان بەوەکردبوو کە داهاتی سلێمانی ناچێتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی هەرێم و یەکێتی لەسنوری زۆنی سەوز و نیلی داهاتەکان بۆخۆی گل دەداتەوە.



PM:01:49:09/10/2016