سەرۆکی پەرلەمان دەستگیرکردنی دەمیرتاش‌و یوکسەکداغ مەحکوم دەکات

‌ئەرشیف

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی هەدەپە، دەمیرتاش و یوسداغ مەحکوم دەکات، ئەمە لەکاتێکدایە کەسەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بێدەنگ لەو رووداوە مەترسیدارە.

لە پەیامێکدا د. یوسف محەمەد دەڵێت" بە نیگەرانیەکی زۆرەوە شاهێدی دەستگیرکردنی نوێنەرانی گەلەکەمانین لە باکوری کوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیا".

سەرۆکی پەرلەمان پێیوایە دەستگیرکردنی بەڕێزان سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و پەرلەمانتارانی تری هەدەپ، پاش ژمارەیەک لەسەرکارلادان و دەستگیر کردن و لەشوێندانانی سەرۆکی شارەوانیەکانی باکوری کوردستان دێت کە ئەوانیش هەڵبژێردراوی خەڵکن.

ناوبراو دەڵێت" ئەم پەلامارانە بۆ سەر هەڵبژێردراوان و نوێنەرانی گەلەکەمان لە باکور هیچ مانایەک بۆ پڕۆسەی دیموکراسی لە تورکیا ناهێڵێتەوە. هەروەها جارێکی تر، ئەگەری دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتیی لەو وڵاتەی کردە مەحاڵ".

لە بەشێکی تری پەیامەکەدا سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت" بۆیە بە ناوی پەرلەمانی کوردستان و بە نوێنەرایەتی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستانەوە بە توندی ئیدانەی پەلاماردانی ئیرادەی گەلەکەمان لە باکوری کوردستان و نوێنەرایەتیە شەرعیەکەی دەکەین. داوا لە دەسەڵآتدارانی هەرێم و وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکەم کە لە ڕێی بانگێشتکردنی کونسوڵ و باڵیۆزی تورکیا لە هەولێر و بەغدا، بە ڕەسمی ئیدانە و نیگەرانیی گەلی کوردستان بگەیەننە دەوڵەتی تورکیا".

یوسف محەمەد داوادەکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە تایبەت یەکێتیی ئەوروپا، فشار بخەنە سەر حکومەتی تورکیا بۆ کۆتایی هێنان بە پەلامارەکانی بۆسەر نوێنەرانی گەل و ئازادیی بیروڕا لە تورکیا.


لە کۆتایی پەیامەکەدا دەڵێت "ئەزمونی ڕابردو ئەوەی سەلماندوە کە کێشەی کورد لە تورکیا، هیچ کات لەڕێی سەرکوتکردن و پەلاماردان و شەڕەوە، خەفە نەکراوە، تەنها داننان بە گەلەکەمان لە باکور و دانوستان و سەلماندنی مافەکانی بەشێوەی ئاشتیانە، ئەتوانێت سەقامگیری بێنێتە کایەوە.دڵنیاین ئەم ڕەفتارانەی دەسەڵاتدارانی تورکیا، ئیرادەی گەلەکەمان لە باکور بەێزتر ئەکات بۆ بەردەوامیی خەباتی ئاشتیخوازانەی بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەوکانی".


بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئامەدو ئیستانبوڵ و شارەکانی تر هاوسەرۆکانی هەدەپەو ١٠ پەرلەمانتاریان دەستیگرکرد.


AM:11:50:04/11/2016