نێچیرڤان بارزانی لەسەر پرسی هاوسەرۆکان سێ بابەت لە پەیامێکدا بڵاودەکاتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لەسەر پرسی دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی هەدەپە، سێ بابەت لە پەیامێکدا کۆدەکاتەوەو دەڵێت" پێویستە رێز لە ئیرادەی دەنگدەربگیرێت، هەدەپە وەک پارتێکی یاسایی لە تورکیا کاربکات"، تەقینەوەکەی ئامەدیش مەحکوم دەکات.
ئەمە دەقی پەیامەكەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی یه‌:

دەستگیركردنی هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان HDP و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە یاساییەی توركیا، نیگەرانی كردین. لەوباوەڕەداین كە ئەوە بارودۆخی توركیا تووشی ئاڵۆزی دەكات، بۆیەش داوا دەكەین هاوسەرۆك و پەرلەمانتارانی HDP ئازاد بكرێن و بە شێوەیەكی هێمن مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكەدا بكرێت و ڕێز لە ئیرادەی ئەو دەنگدەرانەی توركیا بگیرێت كە ئەوانیان هەڵبژاردووە. هەروەها داوا لە HDPەیش دەكەین وەك پارتێكی یاسایی لە توركیا، لە چوارچێوەی یاساكانی توركیادا هەڵسوكەوت بكات.

لە هەمان كاتدا تەقینەوەكەی دیاربەكر پرۆتەستۆ دەكەین كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەك خەڵكی سڤیل و پۆلیس. داوا دەكەین لەپێناو بەرژەوەندیی هەموو لایەكدا، دەست بە پرۆسەیەكی مەدەنی و ئاشتیانە لەپێناو چارەسەرییەكی ڕاستەقینەدا، بكرێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان



PM:12:02:05/11/2016