بارزانی: ئەم قەیرانە حیزبەکان دورستیان کردووە
هەندێک حیزب سەرکردەکانیان دیارنین

بارزانی لە داڤۆسەوە بە میدیاکانی خۆیانی راگەیاند ئەم قەیرانەی کوردستان تیایدا دەژی حیزبەکان دروستیان کردووە"، ئەو پێیوایە کۆبوونەوەی پێنج لایەنەکە بەسەرچووەو دەبێت فراوانتربێت.
  
بارزانی لەو دیدارەدا لە گەڵ کەناڵ ٢٤ و رووداودا کە لەداڤۆس لەگەڵیدا سازکرابوو وتی" من موبادەرەم كرد و هەموو لایەنەكانم بانگهێشت كرد،  هەموو دەرگایەكم كردەوە، ئەگەر نایەن، ئێمەش بەرنامەی دیكەمان دەبێت و ئێستا كاتی نییە باسی بكەین."

بارزانی كە بەشدارە لە كۆڕبەندی جیهانی، لەداڤوس وتی" بە تەئكید لەگەڵ یەكێتی زۆر گرنگە پارتی و یەكێتی رێكبكەون، بەڵام قەتعەن پارتی ناگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی پێنج قۆڵی و دەبێت هەموو حزبەكان بەشدار بن و نەك بوترێن پارتی و چوار حزبەكە و ئەو دەستەواژەیەم قبووڵ نییە و پارتی جارێكی دیكە ناگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی، بەلانی كەم ئەو حزبانەی بەشدارن لە پەرلەمان و حكومەت و ئەوانەشی نوێنەریان نییە دەبێت راوێژیان پێبكرێت و من خۆم مانعم نییە هەموویان بەشدار بن لە كۆبوونەوەكان، بەڵام پێنج قۆڵی تەواو".

لەبارەی ئەوەی كە كۆبونەوەی كەسی یەكەمی لایەنەكان چارەسەری قەیرانەكان دەكات بارزانی وتی " ئەم قەیرانە حزبەكان درووستیان كردووە و نازانم دەتوانن چارەسەری بكەن یان نا بەڵام بە تەئكید ئەوان درووستیان كردووە. با كەسی یەكەمەكان كۆببنەوە و كێ رێی لێگرتوون.. ئەوان كۆدەبنەوە و سەركردایەتی و مەكتەب سیاسییەكان كۆدەبنەوە. ئەو پرسیارەش هەیە جارێ دەبێت بگەڕێین بزانین كێن سەركردەكان هەندێك حزب سەركردەكانیشی دیار نیین تا بێن حازر بن".



AM:09:14:20/01/2017