زیاتر لە 20 بازرگان‌و بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر دەستگیركران

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆك دەستگیركردنی 22 بازرگان و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەری لە سنووری پارێزگاكە راگەیاند، كە بازرگانییان بە هێرۆئین حەبی مێتادۆن كردوە.

ئەمرۆ سێشەممە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا رائید هێمن سلێمان بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆك رایگەیاند، بەهاوكاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ بنكەی نەهێشتنی تاوانەكان لە شارۆچكەی زاخۆ، توانیویانە 22 تۆمەتباری مەترسیدار دەستگیر بكەن كە تۆمەتبارن بەبازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە جۆرەكانی وەك هیرۆیین و حەبی مێتادۆن.

 وتیشی "ئەو تۆمەتبارانە لە سنوری شارۆچكەی زاخۆ دەستگیركراون، تەمەنیان لەنێوان 20 تا 30 ساڵدایە".

ئاماژەی بەوەشدا، تۆمەتباران داننیان بەوەداناوە كە جگە لە بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان، بازرگانی و كڕین و فرۆشتنیان پێوەكردووە، وتیشی "ئەو ٢٢ تۆمەتبارە دانیشتووی سنووری شارۆچكەی زاخۆی سەربە پارێزگای دهۆك و دەوروبەرین و بۆ ئاشكرانەبوونی تاوانەكانیان تەواوی ماددە هۆشبەرەكانیان لە دەشتایی سنووری شارۆچكەی سێمێلی سەربە پارێزگای دهۆك لە گوندی سەیزاری شاردبوویەوە و لە كاتە پێویستەكاندا بۆ بەكارهێنان و بازرگانیكردن پێیانەوە، دەریاندەهێنا".

بەپێی دانپیادانانی تۆمەتبارەكان، تەواوی ماددە هۆشبەرەكانیان بەڕێگەی قاچاغ لە توركیاوە هێناوەتە هەرێمی كوردستان.



PM:03:05:31/01/2017