حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان داوای هاوكاریی و پشتیوانی دەكەن

شەش حیزبی رۆژهەڵاتی كوردستان داوای هاوكاریی و پشتیوانیی لە حیزبەكانی باشووری كوردستان و فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق دەكەن بۆ ئەوەی "پیلانی ئێران بۆ دەركردنیان" سەرنەگرێت.

ئەمرۆ چوارشەممە 1-3-2017، شەش حیزبی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی پرۆژە یاسای فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسای لە پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی حیزبەكانی نەیاری كۆماری ئیسلامی ئێران لەخاكی عێراق كۆبوونەوە‌و پاش كۆبوونەوەكەش كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسییان سازكرد.

لەكۆنگرە رۆژنامەنوسییەكەدا عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند "دەرکردنی پڕۆژەیاسایەکی لەمجۆرە لەلایەک دژی ئەو پارچەیەی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە ئێمەمانان نوێنەرایەتی دەکەین، لەلایەکی دیکەوە بەشێکە لە درێژەپێدانی خراپەکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان".

عەبدوڵڵا موهتەدی دەشڵێت "لەو کۆبوونەوەیە بڕیار لەسەر پێکهێنانی دەستەیەکی هاوبەش لە نوێنەرانەی هەموو حیزبەکان لە ئاستی باڵادا کرا، ئەو هەنگاوانەش دەستنیشانکران کە دەبێت کاریان لەسەر بکەین، بۆ کاریگەرترکردنی کاردانەوەکەمان و چاوەڕوانی ئەوە لە هەموو لایەن و حیزبەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رووناکبیر و سیاسییەکانین لە باشووری کوردستان دەکەین، پشتیوانیمان لێبکەن".



PM:05:22:01/03/2017