بەهرۆز گەڵاڵی سكاڵا لەسەر مەلا بەختیار تۆمار دەكات

نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا وەڵامێكی توندی مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی دەداتەوە سكاڵای یاسایشی لەسەر تۆماردەكات.

لەنوسینیكدا بەهرۆز گەڵاڵی نوسیویەتی " لە چاودێر نیوزی سەربە (مەلابەختیار) دوو نوسینم خوێندەوە، هەردووكیان لەوەڵامی ڕەخنەیەكی من نوسراون كەپێش چەند ڕوژێك لە مەلابەختیارم گرتبوو؟ جارێ دیارە ڕەخنەكەی من زۆركاری لە مەلا بەختیار كردووە. هەرزو پەنای بردۆتە بەر تەشهیرو جنێودان و ناوزەدكردنم بە خائین و خۆفرۆش. ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە مەلا تەحەمەولی هیچ جۆرە رەخنەگرتنێك ناكات و باسی دیموكراسی دەكات."

لە ماوەی رابردوودا بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەئەنقەرەی پایتەختی توركیا لەرێگەی میدیایەكی كوردییەوە وتارێكی بڵاوكردەوەو لە وتارەكەدا رەخنەی توندی لەمەلا بەختیار، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی گرتووبوو، بەوەی رایگەیاندبوو، "نیگەرانە لەسەركردایەتی یەكێتی‌و تێبینی هەیە"،.

بەهرۆز گەڵاڵی لەنووسینەكەیدائەوەشی نوسیوە "من تەحەدای خۆت و هەموودارو دەستە وماستاو چییەكانی دەوروبەت دەكەم كە بۆ چركەساتێكیش لە سەنگەری دژی حزب ومیللەتی خۆم وەستابم! ئەمجۆرە پڕوپاگەندەو درۆودەلەسانەش لەلایەن تۆو ئەمسالی وەك تۆ دروستكراون ئەوە ئەرزو ئەوەش گەز"

دەقی نوسینەكەی بەهرۆز گەڵاڵی:

وەڵامێك بۆ خاوەن فایلی شاخ و شار مەلابەختیار!

لە چاودێر نیوزی سەربە (مەلابەختیار) دوو نوسینم خوێندەوە، هەردووكیان لەوەڵامی ڕەخنەیەكی من نوسراون كەپێش چەند ڕوژێك لە مەلابەختیارم گرتبوو؟ جارێ دیارە ڕەخنەكەی من زۆركاری لە مەلا بەختیار كردووە. هەرزو پەنای بردۆتە بەر تەشهیرو جنێودان و ناوزەدكردنم بە خائین و خۆفرۆش. ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە مەلا تەحەمەولی هیچ جۆرە رەخنەگرتنێك ناكات و باسی دیموكراسی دەكات. بەڵام سەلماندی بایی تاڵە مویەك بڕواشی بە دیموكراسی و ڕەخنەگرتن نییە؟ هەردوونوسینەكەی لەسەر من نوسراون، دڵنیام خۆی نوسیویەتی.بێگومان بەنەفسێكی توندو دوژمنكارانە .. ئەو دوو نوسەرەی ناویان لەسەر نوسینەكان هاتووە ئەمانە نانناسم كێن! گلەیشم لێیان نیە، چونكە هەردوكیان مەلا خۆیەتی و بەناوی ئەوانەوە نوسیویەتی چونكە كەسێكی نوسەر، كەمن نەناسی ناتوانێ بەمن بڵێ خائین وخۆفرۆش؟ بەڵام من لە مەلا دەپرسم ئەگەرمن خائینم؟ تائێستا نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستانم لەتوركیا یان لەماوەی ١٧ حەڤدە ساڵی نوێنەرایەتیم لەتوركیا تا ئێستا زیاتر لە ٥ پێنج جار لەگەڵ برادەران بەوەفد هاتوی بۆتوركیا و ئەو هەموو لیقاو مەوعیدو كۆبونەوەیەم لەگەڵ كاربەدەستان و لەگەڵ كوردەكان بۆ ڕێكخستون بۆ ئەو كاتە خائین نەبووم! كەچی ئێستا دوای گرتنی ئەو ڕەخنەیە بومەتە خائین و خۆفرۆش؟ كاتی خۆی كە ئەم پرۆپاگەندەیە لەدژی من كرا، لەئەنجامی لێكۆڵینەوەكەش دەركەوت هەمووی درۆیە و تەنانەت كاك محەمەد قەرەداغی و برادەران ماون كە لە لێژنەكە بوون و دەتوانن پرسیار لێیان بكەن؟ هەروەها نامەی جەنابی مام جەلال و نامەی كاك دكتۆر بەرهەم كە ئەوكات سەرۆكی حكومەت بوو لەگەڵ نامەی خودی كاك نەوشیروان موستەفاش كە ئەوكات جیگری سكرتێری گشتی بوو بۆ منیان نوسیوە و پشتیوانی و بڕوایی خۆیان بۆمن دوپاتكردۆتەوە، تیایدا منیان بەیەكێ لە دڵسۆزترین و چالاكترین كادری یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەقەلەم داوە؟ نامەكانیشم وەك بەڵگە لای خۆم هەڵگرتووە.

بەم دووناوە دەڵێم خۆتان هەردوكتان مەلابەختیارن بۆیە دەڵێم مەلابەختیار جەسوربایتایە، ڕاستەوخۆ بەناوی خۆت وەڵامی منت بدابایەوە! نەوەكو بەناوی دروستكراو، بۆیە قسەكانم هەمووی ڕوویان لە تۆیە و پێشت دەڵێم :

یەكەم: تۆباسی خیانەتت كردوە؟ من تەحەدای خۆت و هەموودارو دەستە وماستاو چییەكانی دەوروبەت دەكەم كە بۆ چركەساتێكیش لە سەنگەری دژی حزب ومیللەتی خۆم وەستابم! ئەمجۆرە پڕوپاگەندەو درۆودەلەسانەش لەلایەن تۆو ئەمسالی وەك تۆ دروستكراون ئەوە ئەرزو ئەوەش گەز، فەرموو با یەكێتی لیژنەیەك دابنێ بێن لێكوڵینەوە لەبەندەو لە تۆش بكات! جا ئەوكاتە دەردەكەوێ! كێ فایلی خیانەتی لەیەكێتی نیشتمانی وفایلی پەیوەنیدكردن بەبەعس و فایلی تریش هەیە؟ لەبیرتە كاتێ لە ئەنكەرە وتارەكەت لە كۆنگرەی پارتی ئاشتی و دیموكراسی دا و دەترسای، وتت چیم لێ دەكەی؟ چۆن بڕۆمەوە؟ وتم مەترسە من لێناگەرێم هیچت بەسەربێ و دیفاع لە وتارەكەت دەكەم وتەنانەت لای مام جەلالیش دیفاعم لێكردی. كاك دلێرسەید مەجید ماوەو وتی وەڵا مەلا كاك بەهرۆز ڕزگاری كردی؟ ئەی بۆ ئەوكات خۆفرۆش نەبووم؟ من تەنیا ڕەخنەیەكم لە تۆ گرتوە؟ تۆ ئیتیهامی من دەكەی بە خائین وخۆفرۆش؟ كەباوكم و خۆم و وكەسوكاری من پێشمەرگەبوین؟ تۆلە كوێ بووی؟ مەلا تۆ بەڕاستی لەناو خانوی شوشە دانیشتوی، چونكە فایلەكانت لەهەموو خەڵك زۆر بەشەفافی دیارن!

دووەم: نوسیوتە خیانەت جۆری هەیە. زۆڕاستە. بەڵێ تۆلە شاخ خیانەتت لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان كرد. لەناو یەكێتی تەنزیمێكت بەنهێنی دروست كرد. پاشان گیرایت، دادگایی كرایت و ئەمری كوشتنت بۆ دەرچوو، بەڵام جەنابی مام جەلال دڵی گەورە بوو تۆی عەفوكرد تۆ لە هەڵەی ئاڵای شۆرش هیچ فێرنەبووی، ئێستاش هەمان هەڵە دوبارە دەكەیتەوەو لەناو یەكێتی (دابڕانت) دروست كردووە، ئەمەش حزبێكی تازەیە لەناو یەكێتی .

سێیەم: باسی خیانەتی حكومەتی بەعست كردووە؟ لەمەشیان دەبێ هەتاماوی سوپاسی كاك ئەبوشەهاب بكەیت كەلەكاتی هەڵاتنەكەت لە زیندان تۆیگرتەوە؟ ئەگەرنا، پەیوەندیت بەپیاوەكانی ڕژێم وبەعس كردبوو بێیتەوە سلێمانی وتەسلیمیان بیتەوە. بەڵگەشم بۆ ئەم قسانەم هەموو سەركردایەتی یەكێتی، ئەم روداوە زۆرباش دەزانن لە كتێبەكەی كاك ئیبراهیم جەلالیش ناوی ئەو جاش و ئیستیغباراتانەش نوسراوە كە لە سولێمانی ئینتیزاری تۆیان دەكرد كە پێشتر پەیوەندیت پێوەكردبون؟ بەڵام خۆت وشانست ئەبوشەهاب ودەستەیەك لەپێشمەرگەكانی یەكێتی تۆیان گرتەوە وبردیانەوە بۆ زیندان وپاشان مام جەلال ئازادی كرد؟

چوارەم: تۆ خۆت بە ڕۆشنبیر دەزانی! بەڵام دڵنیام نەخوێندەواری ..! باسی دیموكراسی دەكەی؟ كەچی بڕوات پێی نیە! باسی مافی ژن دەكەی؟ تۆیەكەم كەسی مافی ژنت پێشیلكردوە.باسی مودێرنیتەو عەولەمە دەكەیت، هیچی تێنەگەیشتویت. ئیتیهامات دەبەخشیتەوە! قسەكانیشت هیچ بنەمایەكی یاسایی و بەڵگەداریان نیە؟ بۆیە داوا دەكەم سەركردایەتی یەكیتی ڵێكۆلینەوەت لەگەل بكەن؟ بەچ هەقیك تۆ لە چاودێر تەشیربە خەڵك دەكەیت؟

پێنجەم: تۆ چەند دۆسیەیەكی تریشت لەسەرە وپێویستە لەبەرپرسی دەستەی كارگێری دوربخرێیتەوە؟ داواش لەیەكیتی دەكەم موحاسەبە بكرێیت... من ئامادەم بۆ هەموو جۆرە لێكۆلینەوەیەك لەسەر ئەو تەشیراتانەی كە تۆ كردوتن؟

شەشەم: لەوەڵامی مندا لەكۆتاییەكەی ئاماژەیەكت كردووە گوایە دەتەوێ لە یەكێتی بكشێیتەوە، دڵنیام، چونكە دەستت كەشف بووە. دەمێكیشە حزبێكت لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەناوی دابڕان دروستكردووە، ئەوانەی پشتیوانیشت لێدەكەن؟ هەرئەوانەن كەلە دوای رزگاربونت لەزیندان چویت لەلایان دانیشتی؟

حەوتەم: من پارێزەرەكەی خۆم تێگەیاند و دەعوات لەسەر تەسجیل دەكەم لەسەر ئەوەی كۆمەڵێك تۆمەتودرۆو دەلەست بۆمن دروستكردوە... دەبێ لەدادگا ئیسپاتی بكەیت. من ئەوانەی لەسەر تۆم باسمكردوە، ئیسپاتی دەكەم؟

هەشتەم: نوسیوتە گوایە نەخشە ڕێگاكە تۆنوسیوتە؟ ئەی ئەگەر تۆ نوسیوتە بۆ تێبنیت لەسەری هەیە؟ بەڵێ سەركردایەتی یەكێتی كەسیان پێی ڕازی نەبون، بۆیە هەمویان گۆڕی. هەرلەبەر ئەم هۆیەش بوو نەهاتیتە كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی؟ وەمن ئیدعای ئەوەشم نەكردووە كە سەركردایەتیم!

لەكۆتاییدا دەڵێم سێ 3 ساڵە تۆ هۆكاری ئەوەیت و لێناگەڕێیت تەبایی وبرایەتی لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان دروست بێت. ئاژاوە دەگێریت لەنێوان برادەرەكان؟ پێشت دەڵێم زۆرشت ماوە بینوسم . بەڵام ئەخلاقی حزبیم رێگام پێنادات لەبەرخاتری یەكێتی هەندێك شت ماوە جارێ باسیان ناكەم؟ بەڵام بە دڵنیاییەوە بۆ ڕۆژی دادگا دەیانهێڵمەوە. جارێكیتر هەموو ئەم درۆودەلەسانەی دروستت كردوون بەتوندی ڕەتیان دەكەمەوە. وە باشیش بزانە بەهرۆز گەڵاڵی شانازی بەخەبات وتێكۆشانی خۆم وباوك وكەسوكاروعەشیرەت وحزبەكەشم دەكەم، كەخەباتم لەڕیزەكانیدا كردووە و بێمنەتیشم لیت. نێچیرێكی ئەوەندە فەقیرو بێدەسەڵاتیش نیم بە بە درەوشتێكی وەك تۆ ناو و ناوبانگو مێژووەكەم لەكەداربكرێت .






PM:05:17:18/03/2017