هەناردەی نەوتی کەرکوک بۆ بەندەری جیهان ڕاگیرا

لەبەیانی ئەمرۆوە هەناردەی نەوت لە سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک بەرەو بەندەری جیهانی تورکیا راگیراوە و دیار نییە کەی هەناردەکردنەکە دەست پێ دەکاتەوە.

ئەحمەد عەسکەری ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجوومەنی پاریزگای کەرکوک بۆ "وشە" روونی کردەوە لەمڕۆ بەیانییەوە هەناردەکە وەستاوە و بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بەوان گەیشتووە لایەنی تورکی هۆکار بووە لە راگرتنی هەناردەی نەوت.

وتیشی هۆکاری ئەوەی لایەنی تورکی بڕیاری دابێت نەوتەکە رابگیرێت بۆ کێشەی تەکنیکی گەڕاندووەتەوە و لەوانەیە کۆگاکانی نەوت لە بەندەری جەیهان پڕ بووبن و چاوەڕێی هاتنی کەشتی بکەن بۆ ئەوەی نەوتەکە بار بکرێت و دووبارە دەست بە هەناردەی نەوت بکەنەوە و لەوانەشە کێشەی تەکنیکی تر رووی دابێت  و تا ئێستە بە وردی دیار نییە هۆکارە سەرەکییەکە چییە.

سەبارەت بەوەی هۆکاری سیاسی لە پشت راگرتنی هەناردەی نەوتی کەرکووک بێت، ئەحمەد عەسکەری گوتی  کێشەی تەکنیکی بە چەند سەعاتێک چارەسەر دەبێت و ئەگەر راوەستانی نەوت درێژە بکێشێت و چەند رۆژێک بخایەنێت ئەوا دەکرێ بگوترێت هۆکاری سیاسی لە پشتە.



PM:02:12:10/04/2017