حكومەتی هەرێم قەرزی بچوک لە هاوڵاتیان وەرناگرێتەوە

بە وتەی بەڕێوەبەری نوسینگەی قەرزی بچوك لەگەرمیان، حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە قەرزی بچوك لە گەنجان وەرنەگرێتەوە، تا ئەو كاتەی دەست بە دابەشكردنی دووبارەی دەكرێتەوە.

ئازاد كەریم بەڕێوەبەری نووسینگەی قەرزی بچووك لە گەرمیان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بە ڕەچاوكردنی دۆخی هاووڵاتییانی كوردستان و گەنجان بە تایبەتی، بەهۆی تووشبوون بە تەنگژەی دارایی، بۆیە وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی سندووقی قەرزی بچووكی سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بڕیاریان دا ئەو پارەیەی قەرزی بچووك كە لەلای ئەو كەسانە ماوە قەرزی بچووكیان وەرگرتووە، تا كاتێك دەست بە دابەشكردنەوەی قەرزی بچووك دەكرێتەوە، لێیان وەرنەگیرێتەوە.

لە كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەستی بە پێدانی قەرزی بچووك بەو گەنجانە كرد كە پڕۆژەیان هەیە و پێویستیان بە پارەیە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان، ئەو قەرزە تا 15 ملیۆن دیناری عێراق بە گەنجان دەدرا و ئەوانیش دووكان و ماركێت و پڕۆژەی بچووكیان پێ دادەمەزراند تا ببێ بە سەرچاوەی داهاتیان و قەرزەكانیش بدەنەوە، بەگشتی لە پێدانی ئەو قەرزە زیاتر لە 10 هەزار گەنج لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان سوودمەند بوون و ئێستەش بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە، حكوومەتی كوردستان بڕیاری داوە پارەكانیان لێ وەرنەگرێتەوە تا ئەوكاتەی دەست بە دابەشكردنەوەی قەرزی بچووك دەكرێ، واتە تا باری دارایی هەرێمی كوردستان ڕوو لە باشبوونەوەی تەواوەتی دەكات.



PM:02:19:03/05/2017