قەرەبووی بەشە خۆراکی ٢٠١٦ ی هاوڵاتیان دەکرێتەوە

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكرای کرد قەرەبووی بەشە خۆراکی هاوڵاتیان بۆ ساڵی ٢٠١٦ دەکرێتەوە.

نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاندووە" وەزارەت لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە سەرقاڵی ئامادەکردنی لیست و ژمارەی ئەو مانگانەیە کە بەشە خۆراکی هاوڵاتیانی تێدا نەهاتووە لە ساڵی ٢٠١٦ دا.

ئەو بەرپرسە دەشڵیت " لیستەکە دوای ئامادەکردنی دەنێردرێت بۆ حکومەتی عیراق و بەپێی جۆر و نەهاتنی ئەو خۆراکانە قەرەبووی هاوڵاتیان دەکرێتەوە .

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە تا ئێستا بڕی پارەکە دیاری نەکراوە و لەگەڵ گەشتنیشی بە هەرێم بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت.

 بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕاشیگەیاند، لە کۆی هاتنی پێنج ماددە کە ئێستا دەدرێت ماددە هەیە نۆ مانگ هاتووە و ماددەش هەیە شەش مانگ، بۆیە بۆ بڕی پارە و قەرەبووی هاوڵاتیان لیژنەکە بڕیار دەدات.



AM:11:40:07/05/2017