لێدوان و لێدوانی دژی ناو بنەماڵەی تاڵەبانی بەردەوامە .. ئاڵا تاڵەبانی روونکردنەوەیەکی نوێ بڵاودەکاتەوە

ئاڵا تاڵەبانی روونکردنەوەیەکی تر لەسەر ئەو لێدوانانە دەدات کە لەسەر قسەکانی کەسانی بنەماڵەکەیەوە بڵاوکرایەوەو دەڵێت" ئەوانەی ژێرەو ژووری راستییەكان دەكەن و حەق بە خۆیان دەدەن كە تێرۆری چەواشەكاری بكەنە پێشینەی خۆیان و كەسێتیی مرۆڤی پێبشكێنن".

ئاڵا تاڵەبانی خووشکەزای جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی دوای ئەوە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت" بنەماڵەی تاڵەبانی سەر بەهۆزی " بەنی ئەسەدن و شیعەن " کە بەنی ئەسەد بنەماڵەیەکی عەرەبن و، ئەو وتانەش دەنگدانەوەیەکی زۆر و وەڵامدانەوەیەکی زۆری لەکەسانی بنەماڵەکەیەوە بەدوای خۆیدا هێنا، لە دوا روونکردنەوەی نووسینگەی رۆژنامەوانی ئەو ئەندام پەرلەمانەدا، دەڵێت" بەداخەوە لە زۆرێك لە میدیاكانی سێبەری نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان قسەیەكی بەڕێز ( ئاڵاتاڵەبانی ) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە میانەی بەشداری كردن لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی كەناڵی ( ئافاق) دا بەلا رێدابردووە"

ده‌قی‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی‌ ئاڵا تاڵه‌بانی‌، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق

باشترە دەست لە چەواشەكاری هەڵگرن
بۆ ئەوانەی ژێرەو ژووری راستییەكان دەكەن و حەق بە خۆیان دەدەن كە تێرۆری چەواشەكاری بكەنە پێشینەی خۆیان و كەسێتیی مرۆڤی پێبشكێنن .

بەداخەوە لە زۆرێك لە میدیاكانی سێبەری نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان قسەیەكی بەڕێز ( ئاڵاتاڵەبانی ) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە میانەی بەشداری كردن لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی كەناڵی ( ئافاق) دا بەلا رێدابردووە و وەك كارو پیشەی هەمیشەییان دەیانەوێ‌ رایگشتی كوردستان بەلاڕێداببەن و قسەیەك بكەن ناونیشانی دەیان هەواڵی بێبنەما كەبۆ ئەوەی تەنیا یەك مەرامیان بهێننەدی كە ئەویش وەستاندنی ئێمەیە لە كاروانی بەگژا چوونەوەی گەندەڵی و هەراجكردنی نیشتمان و فرۆشتنی كوردایەتی بەناوی رێبازی دژە كورد ، گفتووگۆ دەربارەی ئەوەی كە بنەماڵەی تاڵەبانی سەرە بە هۆزی بەنی ئەسەدن و مێژووی ئەو هۆزەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕەچەڵەكی نەتەوەی عەرەب سەربەمەزهەبی شیعە ، لە راستیدا پێویستە باس لەوەبكرێت كە ئەو گفتوو گۆیە كە لە میانی ئەوپڕۆگرامەدا ئەنجامدرا ، دووربوو لە دیالۆگێكی جدی و خستنە رووی بەڵگەی مێژووی كە تەنها لەو رێگەیەوە دەتوانرێ بڕیاردەربارەی مەسەلەیەكی مێژووی بدرێت ، كە ئاخۆ تاڵەبانییەكان شیعەن یان سوونە ، ئەگەر گریمانە شیعەش بن خۆ شیعەبوون تاوان نییە ! بەڵام كەشیعەش نین دەبێت هەرئەو كەسانەی كە نانیان لە چەواشەدایە لەوە بگەن كە تاڵەبانییەكان سەر بەمەزهەبی سوونەن و سەر بەڕێبازی قادرین ، بڕۆن سەرێك لە تەكێی خوداپەرستی تاڵەبانییەكان بدەن یان بچنە سەرگۆڕی ( شێخ محەمەد حبیب ) كە دەكاتە باپیری ئاڵا تاڵەبانی ، ئەوسا تێدەگەن كە ئەو لە مەزارگەی پیرۆزی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغداد بەخاكسپێردراوە و ماڵی ئەو دنیایی لەنێو دڵی مەزهەبی سونەدایە .

سەرباری ئەوەش ئەو دیالۆگە لەو كاتەدا زۆرتر دیالۆگێكی تەنزئامێز بووە نەك دیالۆگێكی جدی و قوڵ  ، هەرلەبەرئەوەش زۆرتر لەسەر ئەو باسە نەرۆیشتین و لە جێگەیەك كۆتایهات .

بۆ مێژووش ئێمەی كورد لە مێژووی كۆن و نوێدا هەرگیز لە بابەتی مەزهەبی نەگلاوین، سەرباری ئەوەش لەنێو گەلی كوردا كێشەیەك نییە بەناوی كێشەی مەزهەبی بەڵكو كێشەی ئێمە لەچەرخی رابردوو كێشەی نەتەوەی بووە بە ئێستاشەوە كە ئەو كێشەیە چارەنەبوە لەبەشێك لە پارچەكانی كوردستان وەك خۆی هەرماوەتەوە .  

ئەگەر بە ووریاییەوە دیقەت بدەین و لە " بیری ژەنگاوی ئەو تابورانە دووربكەیونەوە كە كێچێك دەكەن گایەك و شاخێك لە گەندەڵی و ووڵات فرۆشتن دەكەنە كێچێك "  بۆمان دەردەكەوێت كە سروشتی ئەم گەلەی ئێمە بەو جۆرەیە كە دابەش بووە بەسەر مەزهەبی جیاو تەنانەت ئایینی جیاشدا ، لە نێو ئێمەی كوردا كورد هەیە سوونەیە و  هەشە بەمەزهەب شیعە ، واتە كێشەی مەزهەبگەرای لەنێو بیری مرۆڤی ئازادی خوازی كوردا چرۆی نەكردووە و ئەو تێڕوانییە نەگەشاوەتەوە ، ئەگەر سەیری نەخشەی شارەكانی كوردستان بكەین روون دەردەكەوێت كە زۆرێك لە پێكهاتەی شارەكانی كوردستان شیعەن و مەزهەبی شیعە لەناویاندا زۆرینەیە ، خۆ كرمانشان و دێرسیم و خانەقین و گوڵاڵە و شارو شارۆچكەكان جیاكاری نییە لە نێوان زۆرینەیەكی شیعە و كەمینەیەكی سونەدا یان بە پێچەوانەوە ئەو جەنگە مەزهەبییە كە ئێستا " هەندێ هێزی مەزهەبی دەیانەوێ‌ هەڵیگرسێنن و كوردیش پەلكێشی ئەو جەنگەبكەن "  لەنێو نەتەوەی كوردا نییە ، بەڵام وادیارە " بزوێنەری ئاشی راگەیاندنی سێبەر هەر رۆژەو خۆی بۆ بابەتێك و سیناریۆیەكی چەواشەكاری تەرخان دەكات بەو مەرامەی  " خەڵكی كوردستان و رایگشتی بیروبۆ چوونی خەڵكی كوردستان  كەمێك لەسەر نیشتمان هەراج كردنی ئەوان دووركەوێتەوە "  هەرلەبەرئەو هۆیەش " خولقێنەری قەیرانەكان خولقێنەری دنیا بینینی چەواشەكارییە "  ئەگەر هەر لەسەر بابەتی مەزهەبیش دەوەستن و سوورن لەسەهەڵای مەزهەبی كەهیچی لێسەوزناكەن و بەسیسی و زەردی هەردەمێننەوە ، خۆدەبێت چاوێك لە مێژووی سیاسی بخشێننەوە و حاڵی بن لەوەی كە كوردە بە مەزهەب شیعەكان لەناو پارتی و تەنانەت لە نێو یەكێتی و سەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستان  هەن .

لەنێو پارتی  ( حەبیب محەمەد لە كۆندا و فواد حسێنی راوێژكاری ئێستای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی  بەمەزهەب سونە نین و بەڵكو  شیعەن ) لە نێو یەكێتیش تێكۆشەر ( عادل موراد و عەبدولرەزاق فەیلی ) كە دەستەی دامەزرێنەی یەكێتی بوون ، كوردی فەیلین و بەمەزهەب شیعەن ، لە كۆتایدا دەڵێین : باشترە دەست لە گفتوگۆی مەزهەبی بەربدەن و كوردستانیش تێكەڵ بەو جەنگە مەزهەبیە نەكەن كە هەندێ‌ " ئاشی لەخێری شەڕدایە " رێگەش بەهیچ كەس نادەین كە سەوداو مامەڵە بەسەر تێكۆشانی بنەماڵەی شۆڕش گێڕی تاڵەبانی بكاو بیەوێت چەرخی مێژوو لە رەوتی راستە رێگەی  خۆی لابدا و رایگشتی بە هەواڵی تیرۆری فكری چەواشەكاری بەلاڕێدابباو خۆی بكاتە شامی شەریفی تێكدانی پردەكانی یەك بوون و پێكەوی ئەم گەلەی كوردە ، بۆیە باشترە میدیاكانتان بۆ یەك بوون و یەك دەنگی گەلی كورد بەگەڕ بخەن ، نەك بیكەنە ئاشی هاڕینی چەواشە و خەڵەتاندنی خەڵكی بەش مەینەتی كوردستان.

نوسینگەی رۆژنامەوانی ئاڵا تاڵەبانی 
3/6/2017



AM:09:41:04/06/2017