لە هەرێمی کوردستان رێکخراوێک شەش هەزار کەس دادەمەزرێنێت

  بەرپرسێک لە ئیدارەی گەرمیان ئاشکرای کرد، کە ڕێکخراوێکی ئەڵمانی شەش ھەزار ھاووڵاتی لە ھەرێمی کوردستاندا  دادەمەزرێنێت.

بێستوون ژاڵەیی، بەرپرسی کاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان، بە ماڵپەڕی باسنیوزی ڕاگەیاند: "ڕێکخراوی GIZی ئەڵمانی، بە ‌مەبەستی ئەوەی ھاوولاتیانی ھەرێمی کوردستان کۆچ نەکەن بۆ دەرەوە، بڕیاری داوە بە دامەزراندنی شەش ھەزار ھاووڵاتی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، کە لەو ڕێژەیەدا،‌ نزیکەی (500) کەسیان بەر گەرمیان دەکەوێت".

بەرپرسی کاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان، دەشڵیت "ئەم کارە بە ‌مەبەستی ھاوکاریکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و لە بوارەکانی (سەوزاییی، ئاو و ئاوەڕۆ، پەروەردە و چەندین لایەنی دیکە) ئەو ھاووڵاتییانە دادەمەزرێنرێن".

بێستوون ژاڵەیی باس لەوە دەکات مووچەی ئەو کارمەندانە بە شێوەی ڕۆژانە بۆ ھەر ھاووڵاتییەک دەبێت، کە ئەو ڕێکخراوە دایدەنێت و خەرج دەکرێت و بڕەکەشی بۆ ھەر ڕۆژێک لەنێوان 25 ھەزار تا 40ھەزار دیناری عێراقییە".

بێستوون ژاڵەیی دەشڵێت: "دامەزراندنەکە بەشێوەی گرێبەستە و بۆ ماوەی ساڵێک و لەماوەیەکی نزیکیشدا شێوازی دامەزراندنەکە ئاشکرا دەکرێت".



PM:09:35:05/06/2017