ئاسایش دەست بەسەر مادەی هۆشبەر لەناو دەنگی گوڵەبەڕۆژەدا دەگرێت

لە راگەیەندراوێكدا ئاسایشی ڕاپەڕین بڵاویكردەوە، هاوڵاتیەکیان دەستگیركردووە كە لەناو دەنکی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌دا بڕێک مادەی هۆشبەری شاردبۆوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی ئاسایشی راپەڕین:
لەكاتی سەردانیكردنی هاووڵاتیان بۆ لای كەس و كارە زیندانی و راگیراوەكانیان لەبەشی زیندانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین، تۆمەتبارێك دەسگیر دەكرێت.


تۆمەتبارەكە بەمەزەندەی بیركردنەوەی خۆی پێی وابووه ئاسایش درك بەهەندێك بابەت ناكات و دەتوانێت بە ئاسانی هەموو ئامانجێك بپێكێت كە مەبەستی تاوانبارانە، هەربۆیە ویستبووی لە ڕێگای گوڵەبەڕۆژەوە مادەی هۆشبەر بگەیەنێتە زیندانیكراوێكی ناو زیندان، بەڵام بەهۆی چاوكراوەیی و ئەو پشكنینە تایبەتیانەی لەلایەن كارمەندانی بەشی زیندانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕینەوە دەكرێت، هەوڵی تۆمەتبارەكە ئاشكرا كرا و توانرا بڕێك مادەی هۆشبەر ببینرێتەوە لەناو دنكی گوڵه بەڕۆژەدا و تۆمەتبارەكە دەسگیر بكرێت.


لەئێستادا تۆمەتبارەكه راگیركراوە بەفەرمانی بەڕێز دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی رانیە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە .
هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین ئەوە رادەگەیەنن كە لە پێناو پاراستنی سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان هەمیشە چاوكراوەن و رێگانادەن ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتیان بكەوێتە مەترسیەوە.



PM:02:23:08/06/2017