سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی بە پێچەوانەی لێدوانەکانی پێشووی و لێدوانەکانی حیزبەکەیەوە، لێدوانێکی جیاواز لەسەر گۆڕان دەدات و دەڵێت "تاوەکو بکرێت بەبێ گۆڕان پەرلەمان کارا ناکەینەوە، دەرگایش لەکەس داناخەین و حەز ناکەین دەرگامان بەسەردا دابخەن".
فازڵ میرانی، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان لە کۆیە لە پرسەی هاوسەری یەکێک لە سەرکردەکانی یەکێتی وتی" لە دۆخی بزووتنەوەی گۆڕان تێدەگەین ، گەرماوگەرمی وەفاتی خوالێخۆشبوو کاک نەوشیروانە ، هیوادارین هەموو لایەک پشوومان درێژبێت، ئەوەی لە خەڵکی دیکە قبوڵی دەکەین با لە یەکدی قبوڵ بکەین".
میرانی سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانیش وتی " جارێ تاوەکو بکرێت بەبێ گۆڕان پەرلەمان کارا ناکەینەوە ، هەروەها پێمانخۆشە برادەرانی گۆڕان بەشدار بن لە کۆمیتەی گشتپرسی".
دەربارەی دەستپێشخەری نوێی پارتی، ناوبراو وتی "دەستپێشخەری هەر ئەوەی ئێمە و یەکێتییە، بەڵام خۆ دەرگاکان داناخەین و پێمانخۆش نییە کەسیش دەرگامان لەسەر دابخات".
هەفتەی پێشوو یەکێتی و پارتی پێشنیاری کاراکردنەوەی پەرلەمانیان خستە بەردەم گۆران، کە لەبری د. یوسف محەمەد کەسێکی تر دابنێنم بەڵام گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی نەیانهێشت نووسینی پێشنیارەکە وشکبێتەوە، رەتیانکردەوە.