دوا بڕیار لەسەر پێدانی مووچە درا

بڕیارە لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەسەر بنەمای تۆماری بایۆمەتری ئامادە بکرێت و لە مانگی ئەیلولدا بەو سیستەمە نوێیە دەدرێت.

سەمیر ھەورامی، وتەبێژی سیستمی بایۆمەتری موچە، بە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە " ئەمڕۆ ١٨ی حوزەیران، کۆتایی بەپڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری موچە ھێنراو سەرجەم پەرنجەرەکانی تۆماری بایۆمەتری لەھەرێم بەشێوەیەکی گشتی داخران".

ئەو بەرپرسە دەڵێت:" ژمارەی ئەو کەسانەی بەکەرتی مەدەنی و سەربازییەوە خۆیان لەسیستمەکە تۆمارکردووە، گەیشتۆتە ملیۆنێک و ٢٠٠ ھەزارو ٢٠٢ کەس".

سەبارەت بەھێزەکانی ئاسایش، وتەبێژی سیستمی بایۆمەتری وتی: "ژمارەی ھێزەکانی ئاسایش ناگاتە (٤٠) ھەزار کەس، لیژنەی باڵای بایۆمەتری موچە لەگفتوگۆدایە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی تایبەت بۆ تۆمارکردنی ئەو ھێزانەو ئەوانیش لەماوەیەکی کەمدا تۆمار دەکرێن".

 وتیشی: "پێویستە لەمانگی ئابی ئەمساڵ یەکەکانی ژمێریاری لیستەکان لەسەر بنەمای تۆماری بایۆمەتری ئامادە بکەن، چونکە بەبڕیاری لیژنەی باڵای بایۆمەتری موچە کە جێگری سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی دەکات، لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵدا، ھەرکەسێک بارکۆدی بایۆمەتری موچەی نەبێت، موچەکەی رادەگیرێت".



PM:10:31:18/06/2017