وادەی دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگی ئایار ڕاگەیەندرا

وادەی دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگی ئایار بەسەر هاوڵاتیاندا ئاشكرا كرا و برنجیشی لەگەڵدایە.

بەڕێوەبەری‌ كۆمپانیای‌ خۆراك لەسلێمانی‌ ڕونكردنەوە لەبارەی‌ دەنگۆی خراپی بەشە زەیتی‌ مانگانەی هاوڵاتیان دەدات و ڕایدەگەیەنێت "دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆتەوە ئەو بەشە زەیتەی‌ دەدرێتە هاوڵاتیان گومانی‌ خراپی لێدەكرێت، تائێستاش ڕون نییە ئاخۆ هیچ جۆرە پشكنینێكی‌ بۆ دەكرێت بەر لەدابەشكردنی‌ بەسەر هاوڵاتیاندا یاخود نا".

وتیشی "ئەو زەیتەی‌ دەدرێتە هاوڵاتیان بەر لەدابەشكردنی‌ ڕەوانەی‌ بەغدا دەكرێت بۆ پشكنین و ئەگەر لەپشكنینەكەدا دەرچوو ئەوكات دابەشدەكرێت، بۆیە ئێستا هیچ گرفتێكی‌ نیە".

شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری‌ كۆمپانیای خۆراك لەسلێمانی‌ بە میدیاكارانیشی ڕاگەیاندووە، "دوای‌ كۆتاییهاتنی‌ پشوەكانی‌ جەژن و دەستپێكردنەوەی‌ دەوامی‌ فەرمانگەكان، هەفتەی‌ داهاتوو دەست دابەشكردنی‌ بەشەخۆراك بەسەر هاوڵاتیاندا دەكرێت".

ئاشكراشیكرد، بەشە شەكری‌ مانگی ئایاری ئەمساڵ بەسەر بەشێكی‌ زۆر لەهاوڵاتیاندا دابەشكراوە و ئەو كەسانەشی‌ شەكری‌ مانگی ئایاریان وەرنەگرتوە پێیاندەدرێت، وتیشی "بۆ پێدانی‌ بەشە برنجی هاوڵاتیانیش چاوەڕواندەكەین كە بڕی‌ پێویست برنجمان بۆ دابین بكرێت و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشبكرێت".



PM:03:35:29/06/2017