سەركردەیەكی باڵای كورد سبەی دادگایی دەكرێت

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی هەدەپە سبەی سەرلەبەیانی لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی توركیا دادگایی دەكرێت. 

بڕیارە كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانیی رۆژی هەینی 7ی تەمموز، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) و پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی توركیا ئامادەی دانیشتنی دادگاییكردنی لە ئەنقەرە ببێت.

 سەڵاحەدین دەمیرتاش، پێشتر لەرێگای ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە دادگایی دەكرا، بەڵام رۆژی هەینی بۆ یەكەمجار ئامادەی دانیشتنی دادگاییكردنەكەی دەبێت و لە شاری ئەدێرنەوە دەگوازرێتەوە ئەنقەرە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی هەدەپە لە 4/11/2016 دەستگیر كرا و داواكاری گشتیی كۆماری توركیا 96 تۆمەتی ئاراستە كردووە، كە لە هەموویان دیارتر، "سووكایەتیكردن"ە بە رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا و پشتیوانیكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە.




PM:02:41:06/07/2017