پارتی: مونافیقترین حزب لە کوردستان یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە

پەرلەمانتارێکی پارتی ڕایگەیاند، یەکێتی دووڕووترین حزبی کوردستانە و دەیەوێت لەگەڵ گۆڕان فەشەل بە ڕیفراندۆم بهێنن.

 دڵشاد شەعبانی، پەرلەمانتاری پارتی و جێگیری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکانی لە پەرلەمانی کوردستان لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت "مونافیقترین حزب لە کوردستان یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، لەگەڵ پارتی شتیک دەڵێت و لەگەڵ گۆڕان شتێکی تر".

هەروەها دەشڵێت "یەکێتی دەیەوێ بارودۆخی کوردستان بە ئاڵۆزی بمێنێت و لەگەڵ گۆڕاندا دەیانەوێت فەشەل بە پرۆسەی ڕیفراندۆم بهێنن".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەشی وتووە، هەموویان خائین و خۆفرۆشن و هەتا ئێستا نوێنەرییان بۆ لیژنەی ڕیفراندۆم دیاری نەکردووە".

دڵشاد شەعبان ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، یەکێتی ئەگەر کەسێکیش دەستنیشان بکات بۆ لیژنەی ریفراندۆم ئەوە بەدڵ لەگەڵ ڕیفراندۆم نیە".

پەرلەمانتارەکەی پارتی داواش لە بارزانی دەکات ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ خەڵک بکات "نەک ئەو حزبە خۆفرۆشانە، چونکە سەربەخۆیی پرسی خەڵکە نەک ئەو حزبە نەتەوە و نیشتیمان فرۆشانە".



PM:04:49:06/07/2017