وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، ئەمساڵ ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی
9ـی بنەڕەتی دوادەکەوێت و دەکەونە دوای ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی پۆلی 12ـی
ئامادەیی.
سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە
ڕووداوی وتووە "ئەگەری هەیە
دوای هەفتەیەک لە تەواوبوونی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی ئەنجامەکان
رابگەیێندرێن، بەڵام ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 9ـی بنەڕەتی دەکەوێتە دوای ئاشکراکردنی
ئەنجامەکانی 12ـی ئامادەیی و رەنگە زیاتر لە دوو هەفتەی دیکە بخایەنێت".
هەروەها لە بارەی دواکەوتنی پێدانی نمرەکانی پۆلی نۆوە، وتەبێژەکەی
وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند "نمرەی تاقیکردنەوەکانی خوێندکارانی 9ـی بنەڕەتی
لە سەرجەم پارێزگاکانەوە دێنەوە وەزارەتی پەروەردە، ئەمەش کاتێکی زۆری پێدەچێت،
چونکە تاوەکو ئێستا لە پارێزگای سلێمانی تەنیا نمرەی تاقیکردنەوەکانی چوار وانە رەوانەی
وەزارەت کراوە، بەمەش کاتێکی درەنگتر ئەنجامەکان رادەگەیێندرێن".